کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌ باره‌ی رووداوه‌كه‌ی گونده‌ژۆری باڵه‌كایه‌تی

K24 - هه‌ولێر:

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، له‌ ده‌مه‌قاڵه‌ی نێوان پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌كێشانی كوردستانی ئیران, له‌ دێی گونده‌ژۆری ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی، دووبرا كوژران و دووی دیكه‌ش بریندار بوون.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌:

راگەیاندنی سکرتاریەتی کۆمەڵە سەبارەت بە تێکهەڵچوونێکی نەخوازراو لە نزیک  چۆمان

بە داخەوە ئاگادار بووین کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک دێی گوندەژوور سەر بە ناحیەی چۆمان تێکهەڵچوونێکی نەخوازراو لە نێوان چەند کەس لە خەڵکی ئەو گوندە کە چەکدار بوون و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە روویداوە.

ئەو رووداوە کاتێک روویدا کە ئەو چەند هاووڵاتییە بە چەکەوە چوونە سەر شوێنی ئەو پێشمەرگانە و لە ئەنجامی ئەو ناخۆشییەدا تەقەیەک لە نێوانیاندا سەریهەڵدا و بە داخەوە دوو کەس لە خەڵکی گوندەژوور گیانیان لە دەستدا و کەسێکیش برینداربوو.

ئێمە هێشتا لە وردەکاری ئەو رووداوە ناخۆشە و نەخوازراوە ئاگادار نین، بەڵام پێش هەموو شتێک پرسە و هاوخەمی خۆمان پێشکەش بە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو گیانبەختکردووانە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکە دەخوازین. هەروەها داوا لە هەموو لایەنی پەیوەندیدار و خەڵکی خۆشەویستی گوندەژوور و چۆمان و هەموو گوندەکان دەکەین کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ هێور کردنەوەی ئەو گرژییە و هێنانەوەی فەزای دۆستایەتی و برایەتی بۆ نێوانمان تێبکۆشن، با یاسا و حکوومەتی هەرێم لە نێوانماندا حەکەم بن و ئەو گرژییە نەخوازراوە چارەسەر بکەن و نەیارانی کورد و هەرێمی کوردستانیش نەتوانن ئاژاوە بگێڕن و کەڵکی خراپی لێ وەرگرن.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

2017/8/25