ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە ھەوڵی چەند لایەنێك بۆ مانەوەی راكان جبووری بێ ئاگان
K24 - كەركووك
بەپێی بەڵگەنامەیەک، چەند لایەنێك لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە راکان جبووری تاکو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزکای کەرکووک، لە پۆستەکەی بمێنێتەوە. لە کۆنووسی کۆبوونەوەی 17ی نیسانی ئەمساڵ، رێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک خاڵ کراوە، کە ناوی هاوسەنگیی لە پۆستەکانی لێ نراوە لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە و کوتلەی عەرەبی و تورکمانی واژۆ كراوە، کاکەڕەش سدیقیش وەک نوێنەری لیستی برایەتی واژۆی كردووە و رەزامەندیی نیشان داوە لەسەر مانەوەی راکان سەعید، تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام دەدرێت.
ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەن لە لیستی برایەتی، کە هاوکات یەکێتییە، بێ ئاگایی خۆی لەو کۆبوونەوەیه و رێککەوتنەكه دەربڕی و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، كه ئەو وەک ئەندامی ئەنجومەن ئاگاداری ئەو بابەتە نییە.
ھەروەھا ئاوات محەممەد ئەمین، کە ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنەكهیه لە لیستی برایەتی، بە هەمان شێوەی ئازاد جەباری، بێ ئاگایی خۆی لەو بابەتە دەربڕی و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کەمێک بەر لە ئێستا ئەو نووسراوەم بینیوە و تووشی سەرسووڕمان بوومە، کە چۆن دەبێت بابەتێکی لەو شێوەیە، بەبێ ئاگاداریی ئەندامانی ئەنجومەن بکرێت. ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی کاکەڕەش و هیچ کەسێکدا نییە، شتێکی خراپە و بە زیانی کورد تهواو دهبێت، پێویستە پۆستی پارێزگار و هەموو ئەو پۆستانەی دیکە كه لە کورد وەرگیراونەتەوە، بۆ كورد بگەڕێندرێنهوه".
ھەر پەیوەست بەم بابەتە، جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیستی برایەتی، بە کوردستان24ی گوت: "ئێمەش لە راگەیاندنەکانەوە ئەم بابەتەمان بیستووە، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنیش قسەمان کردووە، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن لە نەتەوەکانی دیکەش بهم بابهته ناڕازین".
راشیگەیاند: "ئێمە کوتلەی کوردیمان نییه، وەک ئهوهی لە کۆنووسی رێککەوتنەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، بەڵکوو لیستی برایەتیمان هەیە و ئێستا لیژنەیەک کارەکانی ئەو لیستە بەڕێوە دەبات، بۆیە ئەوەی کراوە بۆچوونی لیستی برایەتی نییە و رەتی دەکەینەوە".
کوردستان 24چەند جارێک پەیوەندی بە کاکەڕەش سدیق-ەوە کرد بۆ ئەوەی بۆچوونی لەسەر ئەم بابەتە وەربگرێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
به گوێرهی بهڵگهنامهیهك، كه یهکێتی و لایهنه تورکمانى و عهرهبییهکانى ناو ئهنجومهنى پارێزگاى کهرکوک، له رێككهوتى 16/4/2019 واژۆیان كردووه، لهسهر ئهوه رێككهوتوون كه راکان سهعید جبوریی (پارێزگاری بهزۆر سهپێندراو بهسهر كهركووك)، وهک جێگرى پارێزگار و پارێزگاری كهركووك به وهکالهت، تا ههڵبژاردنى ئهنجومهنى پارێزگاى کهرکووک له پۆستهکهى بهردهوام بێت.