ئەردۆغان ئازادكردنی دەمیرتاش رەتدەكاتەوە

"پێویستە ناوەرۆكی بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی توركیا بزانن"

K24 - ھەولێر

دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ داوای ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەكات و ئەردۆغان و حكوومەتی توركیاش رەتیدەكەنەوە.

به‌ گوێره‌ی بڕیارێكی دادگای ئەوروپا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، كه‌ له‌سه‌ر وێبسایتی فه‌رمی خۆیان له‌ تۆڕی ئینته‌رنێت بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، داوا دەكات پێویسته‌ توركیا سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ ئازاد بكات و رێكاری پێویستیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بگرنه‌بەر.

دادگاكه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ده‌ستگیركردنی ده‌میرتاش پێچه‌وانه‌ی مافه‌كانی مرۆڤه‌ و هیچ بیانووێكی یاساییش بۆ ده‌ستگیركردنی نییه‌.

لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، پابەندی بڕیارەكەی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا نابین.

لەلایەكی دیكەوە، وەزارەتی دادی توركیا رایگەیاند، پێویستە ناوەرۆكی بڕیارەكەی دادگای مافی مرۆڤی توركیا بزانن، بەڵام بڕیاری كۆتایی ئازادكردنی دەمیرتاش لە دادگاكانی توركیا دەدرێت نەك ئەوروپا.

ده‌میرتاش، له‌ 4ی تشرینی دووه‌می 2016ه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندی به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و تا ئێستاش چه‌ندینجار دانیشتنی دادگاییكردنی به‌ڕێوه‌چووه‌.

ھ.م