دەوامی چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی ھەولێر رادەگیرێت

راگەیەندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە

K24 - ھەولێر

پارێزگای ھەولێر رایدەگەیەنێت، بەھۆی تووشبوون چەند بەرپرسێكی ئیداریی و فەرمانبەر، بۆ ماوەیەك دەوام لە سەرۆکایەتی شارەوانی و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر رادەگیرێت.

لە راگەیەندراوێكدا ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پارێزگاری هەولێر، ئاشكرای كرد: "دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکانیان و تووشبوونی هەریەک لە سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و جێگرەکەی و بەڕێوەبەری شارەوانیی2ی و بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە شارەوانی ھەولێر و چەند فەرمانبەرێکی تر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە پشت بەستن بە خاڵی شەشەمی بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارماندا بە راگرتنی دەوامی سەرۆکایەتی شارەوانی و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بۆ ماوەیە یەک هەفتە لە 2020/6/21، تاوەکو 2020/6/28".