زامه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ ساڕێژ نابن

به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی ده‌ناڵێنن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

کارەساتی کیمابارانی ھەڵەبجە، تەنھا لە شەھید بوونی ھاووڵاتیانی ئەو شارە کورت نەبووەتەوە، بەڵکو پاش کارەساتەکەش بەشێك لە بەرکەوتووانی ئەو چەکە کیمیاییە بە چارەسەر نەکراوی ماونەتەوەو بە دەست چەند نەخۆشیەکی جۆراو جۆرەوە دەناڵێنن و ئاوڕێکی جدیان لە لایەن حکوومەتی عێراق و ھەرێمەوە لێ نەدراوەتەوە.

دوای 30 ساڵ ھێشتا زۆرێك لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، برینەکانیان سارێژ نەبووە و ھەندێکیش لە ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە کاریگەری کیمیاباران لەسەر جەستە و دەروونیان ماوەتەوە. غەریب مستەفا یەکێکە لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی و لەکاتی کارەساتەکەدا لە ھەڵەبجە بووە ئەو دەڵێت، دوای چەند ساڵێك ھەستی بەوەکردووە، کە وەك پێویست ناتوانێت ھەناسە وەربگرێت بۆیە دوای سەردانی پزیشک، ئێستا ئەو ئامێرە بووەتە ھاوڕێی ھەمشەیی ژیانی و ناتوانێت چەند ساتێك بێ ئەو ئامێرە بژی، پزیشکەکان پێیان گوتووە، کە تەنھا چارەسەرت گۆڕینی سییەکانە، کە ئەوەش زۆر ئەستەمە، ھەرچەندە لە ساڵی 2013وە داوای کردووە بۆ چارەسەر بنێردرێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام ھیچی بۆ نەکراوەو تەنھا مووچەیەکی خانەنشینی ھەیە.

غەریب مستەفا، بە كوردستان24 گوت: "ئامێرێكم بۆ دانراوە و بووەتە ھاوڕێم، ئەگەر ئەو ئامێرە نەبێت ناتوانم بژیم. كە ئەڕۆمە دەرەوە پەلەمە تا دەگەمەوە لای ئامێرەكە، چونكە تەنگە نەفەسی ھەراسانم دەكات".

بۆ چارسەری بریندارانی چەکی کیمیایی چەندین داوا ئاراستەی حکوومەتی عێراق و ھەرێم کراوە، بەڵام پاش ھەشت ساڵ لە داواکردن نەخۆشخانەیەك دروستکراوە، کە تەنھا باڵەخانەیە و نە پزیشك نە ئامێری پێویستی بۆچارەسەر تێدایە.

حیکمەت فایەق، ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەڵێت: "بە داخەوە 30 ساڵ بەسەر كیمیابارانی ھەڵەبجە تێپەڕیووە، بەڵام تائێستا وەك پێویست نەتوانراوە چارەسەری بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و ھاوكاری كەسوكاری شەھیدانی ھەڵەبجە بكرێت".

گوتیشی: "بارودۆخی بریندارانی چەكی كیمیایی ھەڵەبجە، رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێت و ئەو ماوە زۆرە ھێشتا نەتوانراوە ئاوڕی جددیان لێبدرێتەوە".

 

بە گوێرەی دوایین کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لە دوای ساڵی 2000ەوە لە کۆی 500 برینداری چەکی کیمیایی ھەڵەبجە 104 بریندار گیانیان لەدەستداوە، ئەگەر بێت و چارەسەر پێویستیش بۆ بریندارەکانی دیکە نەکرێت، رەنگە ژمارەی گیان لەدەستدانی برینداران زیاد بکات.

لە 16 ئازاری 1988 رژێمی بەعسی عێراق شاری ھەڵەبجەی كیمیاباران كرد، بەوھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی شارەكە شەھیدبوون كە ژمارەیەكی زۆریان ژن و منداڵ بوون، بە ھەزاران كەسی دیكەش برینداربوون.

ھ.م