ھەسەدە: دوو ھێلیكۆپتەری توركیامان لە عەفرین خستە خوارەوە

"11 سەربازی توركیا كوژران"

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) رایدەگەیەنێت، دوو ھێلیكۆپتەری توركیایان لە عەفرین تێكشكاندونە و 11 سەربازی توركیا لەنێو ھێلیكۆپتەرەكان كوژراون.

لە راگەیاندراوێكدا ناوەندی راگەیاندنی ھێزەكانی سووریای دیموكرات ئاشكرای كرد: "دوێنێ شەڕڤانانمان توانیویانە ھێلیكۆپتەرێكی سەربازی شەڕكەری توركیا بخەنە خوارەوە و دوو سەرباز لەنێویدا كوژراون، ھەروەھا ھێلیكۆپتەرێكی دیكەی گواستنەوەش تێكشكێندراوە كە 9 سەربازی توركیای لەنێو كوژراون".

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر بڵاوكرایەوە كە ھێلیكۆپتەرێكی توركیا لە عەفرین خراوەتەوە خوارەوە، تا ئێستا توركیا تەنیا دانی بە خستنەخوارەوەی ھێلیكۆپتەرێكدا ناوە، بەڵام نەیشاردووەتەوە كە دوێنێ 11 سەربازیان لە شەڕی عەفرین كوژراون.