مالكی دوو كه‌س بۆ ركابه‌ریی عه‌بادی دیاری ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی له‌نده‌نی له سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه كه ناوی نه‌هێناوه رایگه‌یاندووه "له ناو هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا و حزبی ده‌عوه‌دا كه هه‌ر یه‌كه له حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستا و نووری مالكی تێدایه، چاوه‌ڕوانییه‌ك هه‌ست پێده‌كرێت تا له ده‌ره‌وه‌ی حزبی ده‌عوه هاوكارێك بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ئاسته‌نگه ده‌ربازبن كه له به‌رده‌م درووستكردنی كوتله‌كه‌یاندایه بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو. چونكه كه‌سیان رازینابن ئه‌وی دیكه‌یان سه‌رۆكی لیسته‌كه بێت".
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ی رۆژنامه‌كه "مالكی له هه‌وڵدایه سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانێتییه‌كی فراوان بكات و ئه‌ركی ئه‌وه‌یه سه‌رۆكوه‌زیرانێكی نوێ ئاماده بكات كه خۆی كۆنترۆڵی به‌سه‌ریدا هه‌بێت. بۆیه نیازی وایه هه‌ر یه‌كه له محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی وه‌زیری كاری ئێستا و سه‌ركرده‌ی پێشووی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی "عادل عه‌بدولمه‌هدی" بێنێته پێشه‌وه".
رۆژنامه‌كه له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له ده‌وڵه‌تی یاسا گواستوویه‌تییه‌وه و نووسیوویه‌تی "پێده‌چێت بێلایه‌نه‌كان له ده‌وڵه‌تی یاسا بچنه ده‌ره‌وه، چونكه حسێن شه‌هرستانی كه سه‌ركردایه‌تی ده‌كردن، له ده‌وڵه‌تی یاسا ناڕازییه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاتێك له مانگی ته‌مووزی 2016 دا پۆستی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای له ده‌ستدا، ئه‌ندامه‌كانی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌رگرییان لێنه‌كردووه".
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ره‌وتی سه‌در بۆ رۆژنامه‌كه‌ی ته‌ئكیدكردووه‌ته‌وه كه "موقته‌دا سه‌دری رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌خوازێت بچێته ناو لیستیكه‌وه كه تائیفیه‌تی تێپه‌ڕاندبێ و له چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه كه لاری نییه له درووستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌یاد عه‌لاوی و ره‌وتی حیكمه‌ی عه‌مار حه‌كیم دا پێكبهێنێت".
سه‌رچاوه‌كه به رۆژنامه‌كه‌ی گوتووه "بێ به‌رگرتن به هه‌ژموونی مالكی له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، هیچ رێگایه‌كی دیكه بۆ چاككردنی بارودۆخه‌كه نامێنێته‌وه. ئه‌وه‌ش كاتێك رووده‌دات، كه هاپه‌یمانێتییه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن پێكبهێنرێت، چونكه چانسی مالكی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو نییه، به تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی له ده‌ستداوه".