گرووپە مەترسیدارەكەی گەرمیان دەستگیركرا

بە ڤیدیۆ ھەڕەشەیان لە دامودەزگاكانی حكوومەت دەكرد
kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

گرووپێكی چەكدار دوای ئەوەی لە گرتەی ڤیدیۆییدا ھەڕەشەیان لە دامودەزگاكانی حكوومی لە سنووری گەرمیان دەكرد و ترسیان خستبووە نێو خەڵك، ئەو كەسانە لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئەو سنوورە دەستگیركران.

لە راگەیەندراوێكدا بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان بەرێوەبەرایەتى ئاسایشى گەرمیان رایگەیاند: "پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا گرووپێکی چەکدار لە دەربەندیخان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بڵاویان کردبوو و تیایدا هەڕەشەیان لە دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو. لە لایەن هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیانەوە دەستکرا بە لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەی زانیاری وورد و تەواو، توانرا لە بەرواری 4/1/ 2018 لە سنووری قەزای دەربەندیخان ئەو گرووپە دەستگیربکرێن".

لە راگەیەندراوەكەدا ناوی ئەو كەسانە ئاشكرا كراوە و تێیدا ھاتووە: "ئەو كەسانە پێکهاتبوون لەم تۆمەتبارانە (هەژار ساڵح عەبدولکریم و ئیبراهیم عەباس عەبدوڵڵا و کۆسار ساڵح محەمەد و ماکوان فەتاح حەمە کەریم و عەبدورحمن نوری سەعید و سەروەر عەلی عەبدولقادر و ئاسۆ محەمەد برا قادر و ئاریان عەلی عبدولقادر)".

ئاماژە بەوەشدراوە: "پاش ئەوەی پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوەو هەموو بەڵگەکان خرایە بەردەستی دادوەری لێکۆڵینەوەو دانپێدانانی تاوانبارانی ناوبراو بە تاوانەکەیاندا 7 کەسیان تۆمەتەکەیان بە سەردا ساغ بوویەوەو لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی کەرکووك-گەرمیان بە پێی ماددەی(156) لە یاسای سزادانی عێراقی، بۆ هەر یەکەیان ماوەی 5 ساڵ و یەک مانگ سزای زیندانی دران و ئاریان عەلی عەبدولقادر بە هۆی نەبوونی بەڵگەوە بڕیاری بێتاوانی بۆ دەرکرا و ئازاد کرا".

 ھ.م