شەپۆلێکى بەفر و باران ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

لە نێو ھەندێك شار بەفر دەبارێت

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکى بەفر و باران ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەكرێت لە نێو سەنتەری ھەردوو پارێزگای سلێمانی و دھۆكیش بەفر ببارێت.

لە راپۆرتی بەشی پێشبینیەكانی كەشناسی ھەرێمی كوردستان ھاتووە: "پێشبینى دەرکرێت رۆژى پێنج شەممه 18/1/2018، لە کاتەکانى بەیانى زوودا کاریگەرى نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى ناوەڕاست، لەگەڵ هاتنى بارستە هەوایەکى سارد لە ناوەڕاستى ئەوروپا کار دەکاتە سەر تەواوى ناوچەکانی كوردستان، رۆژى پێنج شەمە باران بارین بە شێوەیەکى پچڕپچڕ لە ناوچەى جیاجیا دەبارێت و بەفر بارینیش لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت رۆژى هەینى ئاستى باران و بەفر بارین زیاتر دەبێت، دواى زیادبوونى کاریگەرى ئەم شەپۆلە. بە شێوەیەك لە تەواوى ناوچە شاخاوییەکان کە بەرزییەکەیان لە هەزار (1000)م زیاترە بەفر بارینى دەبێت، لەگەڵ زیادبوونى کاریگەرى ئەم شەپۆلە لە سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و دهۆکیش بەفر بارین ببێت".

بە گوێرەی پێشبینیەكانی كەشناسی: "هەروەها پێشبینى بەرزبوونەوەى تۆزو خۆڵ لە ناوچەکانى باشوورى هەرێم و ناوەڕاستى عێراق بە هۆى زیادبوونى خێراى با کە دەگاتە سەرووى 30کم لە کاتژمێرێکدا. ھاوكات نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما بە چەند پلەیەك، لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ سفر پلەى سیلیزى دادەبەزێت".

 لە راپۆرتەكەی كەشناسیدا ئەوەش خراوەتەڕوو، رێژەى باران بارین لە سەنتەرى پارێزگاکان لە ماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆلە بەم شێوەیە دەبێت:.

هەولێر سەرووى 20 ملم

سلێمانى سەرووى 30 ملم

دهۆک سەرووى 30 ملم

کرکووک (15-20)ملم

هەڵەبجە سەرووى 25 ملم

بە گوێرەی پێشبینیەكان: "لە رۆژى شەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە لاواز دەبێت لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ کۆتایى دێت".