ئەنجامی ھەڵبژاردن لایەنە ناڕازییەكان دەخاتەوە بەرەیەك

چەند لایەنێك ئەنجامەكان رەتدەكەنەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دوای راگەیاندنی كۆی ئەنجامە فەرمییەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان رەتیدەكاتەوە و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش، دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی ئەو لایەنانەی كە نیگەرانن لە ئەنجامی ھەڵبژاردن و دەڵێن، ھەموو ئەگەرێك لەبەردەممان كراوەیە كە بایكۆتی گشتی دەكەین یان بەشداری لە پێكھێنانی حكوومەتی نوێی ھەرێمی كوردستان بكەن.

حەکیم عوبێد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "خانەی راپەڕاندن بڕیارەكەی بزووتنەوەی گۆڕان رادەگەیەنێت، كە دەبین بە ئۆپۆزسیۆن یان بایكۆتی پرۆسەی سیاسی ھەرێمی كوردستان دەكەین یانیش بەشداری لە حكوومەت دەكەین".

لایەنێکی دیکەی ناڕازی لە ئەنجامەکان و پرٍۆسەکە یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئەو ھێزە لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی 5 کورسی بە دەستھێناوە، ئەوان دەڵێن ھەموو رێکارێکی یاسایی تایبەت بە سکاڵا کردن دەگرینەبەر.

لەوبارەوە شێرکۆ جەودەت، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: "ئەنجوومەنی سەركردایەتییمان بە فەرمی رایگەیاند، كە ھەموو ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەتدەكەینەوە، لەبەر ئەوەی ساختەكاری و پێشێلكاری  یاسایی زۆری تێداكراوە و پشتیوانی لە ھەڵوێستی كۆمسیارە ناڕازییەكان دەكەین كە واژوویان لەسەر ئەنجامەكان نەكردووە".

ھەرچەندە کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ژمارەی کورسیەکانی زیادکردووە، بەڵام ھەڵوێستەكەیان ھاوشانی ئەو لایەنانەیە کە دەنگەکانیان کەمیکردووە، بۆیە زامەکانی کۆمەڵ وەك گۆڕان و یەکگرتوو نیە و بۆ دوایین ھەڵوێستی حزبەکەشیان چاوەڕێی کۆبوونەوە دەکەن.

دارا محەمەد، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: "بەمزووانە سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبێتەوە و دوایین بڕیار لەبارەی ھەڵوێستی حزبەكەیان بۆ رەتكردنەوە یان قبووڵكردنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن لای ئەنجوومەنی سەركردایەتییە".

ئەوەش دەخاتەڕوو: "دەیان سكاڵایان تۆماركردووە و ساختەكاری لە ھەڵبژاردن كراوە".

بە گوێرەی دوایین دەرئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی كوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی رێژەی کورسییەکانیان زیادیکردووە، بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان رێژەی کورسییەکانیان کەمیکردووە، ئەمەش لایەنەكانی كردووەتە دووبەرەیە بەشێكیان ئەنجامەكانیان قبوڵە بەشێكیان رەتیدەكەنەوە.