بەهۆی تەقینەوەی مین شوانێک قاچێکی لەدەستدا

مینێکی پێدا تەقیوەتەوە

K24- هەولێر:

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان بەکوردستان24ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شوانکارەیەک بەناوی زاهید حامد عەبدوڵڵا تەمەن  25 ساڵ لە کوێستانی هۆڕنێ، مینێکی پێدا تەقیوتەوە و بەسەختی برینداربووە.

هەر لەوبارەوە، هاوسەر عەبدولقادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سۆران بەکوردستان24ی راگەیاند، ئەو هاووڵاتیە دوای ئەوەی گەیندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتن بەهۆی ئەوەی قاچی راستی پەڕیبوو، بەخێرایی چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا و رەوانەی هەولێر بۆ چارەسەرکردن کرا.

بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان راشیگەیاند، ئەو هاووڵاتیە خەڵکی گوندی باڵەکیانە و کۆچەرن، ساڵانە لە وەرزی بەهار بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتیان روودەکەنە کوێستانەکانی دەڤەری برادۆست.

وەک پاشماوەی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بەشێکی دەڤەرەکە ناوچەی مینڕێژکراون و ئەو شوانکارەیەش یەکێکی دیکەیە لەقوربانیانی پاشماوەی ئەو جەنگە.