فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كانی بریتانیا عێراق و سووریا جێده‌هێڵن
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی بریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی بریتانیا بڕیاریانداوه، زیاتر له نیوه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانیان كه له عێراق و سووریا له كاردان بكشیننه‌وه.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌كه، 8 فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری هێزی ئاسمانی شاهانه‌ی بریتانیا مانگی داهاتوو ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌و ژماره‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی بریتانیا بۆ شه‌ڕی دژی داعش، له 14 فڕۆكه‌وه بۆ 6 فڕۆكه كه‌مده‌كرێته‌وه.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی بریتانیا پاش بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه له سووریا كه رۆژی 19/12/2018 له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری له‌سه‌ر درا.
له راپۆرته‌كه‌ی ده‌یلی مه‌یلدا هاتووه: "سه‌ره‌ڕای كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان، سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی بریتانیا ئاماده‌ن گورز له تیرۆریستان بوه‌شێنن و ئه‌گه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا، جارێكی دیكه چه‌كی كیمیایی له دژی گه‌له‌كه‌ی به‌كاربهێنێ، به‌هه‌مان شێوه گورزی تێده‌سره‌وێنرێ".
له پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌و 8 فڕۆكه‌یه، 6 فڕۆكه‌ی جه‌نگی سه‌ربه RAF Typhoon و ده‌یان فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی جۆری Reaperله رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌مێننه‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌شكراوه كه "هێزه تایبه‌ته‌كانی بریتانیا كه هێشتا له سووریا به ئه‌ركی نهێنی هه‌ڵده‌ستنن، پێشبینی ده‌كرێت كاتێك هێزی ده‌سته‌بژێری ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه ئه‌وانیش بگه‌ڕێنه‌وه بریتانیا".