حه‌ماس به‌ "سێكس" سه‌ربازانی ئیسرائیل راوده‌كات

زانیاریی سەربازانی ئیسرائیل دەدزێت

K24 - هه‌ولێر:

لە نوێترین هەوڵیدا، بزووتنەوەی حەماسی فه‌له‌ستینی بۆ دەستکەوتنی زانیاری و نهێنی لەسەر سەربازانی ئیسرائیل، دوو بەرنامەی ژوانبەستنی بە وێنەی وروژێنەر دروستکردووە بۆ چوونە ناو مۆبایلی سەربازان.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئاڕ تی رووسی، چەند کەسێکی سەر بەحەماس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە هەژمار و ژمارەی تەلەفونی وڵاتی ئیسرائیلیان بەکارهێناوە، لینکی بەرنامەکانی ژوانبەستنیان بۆ سەربازانی ئیسرائیل ناردووە و 500 سەربازیش بوون بە تەڵەکەوە.

بەرنامەکان بە ناوی (وینک چات) و (گلانس لەڤ) لە بازاری بەرنامەی گووگڵ پلەی بڵاوکراونەتەوە، بەڵام ئەو دوو بەرنامەیە لە کاتی داگرتنیان، وێنە و زانیاری ناو مۆبایلی کەسی بەکاربەر دەدزێت.

لای خۆیانەوە، دەزگای هەواڵگیری ئیسرائیل، لە ئۆپەراسیۆنێکیاندا، پرۆفایلی 11 کەسیان ئاشکراکردووە کە لە پشت دروستکردنی ئەو بەرنامانەن، دوا بە دوای ئەوەش، بەرنامەکان لە گووگڵ پلەی لابران.

سەربازانیش وەک هەر چینێکی دیکەی کۆمەڵگە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن بۆ برەو دان بە ژیانی کۆمەڵایەتییان، بەڵام بەهۆی ئاسان ساختەکردنی بەکاربەرانی ئینتەرنێت، هەندێک جار بەکاربەران دەبنە قوربانی خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

لە ساڵی 1987 بزووتنەوەی حەماس بە ئامانجی دژایەتی کردنی حکوومەتی ئیسرائیل، لە فەڵەستین دروستبووە و لە لایەن یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکا و ئیسرائیل بە بزووتنەوەیەکی تیرۆرستی ناسراوە.