لوتكه‌ی سۆچی بۆ چاره‌سه‌ری سیاسی له سووریا ده‌ستپێده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكه‌كانی رووسیا و ئێران و توركیا، ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه 22/11/2017 له شاری سۆچی رووسیا، له میانی زنجیره‌یه‌ك دیداری نێوده‌وڵه‌تیدا كه ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی سیاسییه بۆ ره‌وشی سووریا، له‌پاش كۆتاییهاتنی شه‌ڕی دژی داعش، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لوتكه ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
بڕیاره لوتكه‌ی سۆچی، كه ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا، حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆككۆماری ئێران، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا به‌شداریی تێدا بكه‌ن، كاتژمێر 4:00 ئێواره به كاتی ناوخۆیی كاره‌كانی ده‌ستپێبكات. ئه‌و هه‌نگاوه‌ش پاش ئه‌وه‌یه كه سه‌رۆكی ئه‌و سێ وڵاته گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، رێكخراوی داعش دواهه‌ناسه‌ی مه‌رگی ده‌دات و پێویسته قۆناغی گوازه‌ره‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسی له سووریا بێته ئاراوه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بوو كه رۆژێك پێش لوتكه‌ی سۆچی، سه‌رۆكی رووسیا له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا له سۆچی كۆبووه‌وه، تا له نزیكه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی ئه‌سه‌د بۆ بارودۆخی ئێستا بزانێت و بۆچوونی ئه‌ویش له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ببیستێ. چونكه ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیی سوپای رووسیاش دژی داعش له كۆتایی نزیكبووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها له لوتكه‌كه‌دا كه سه‌ركرده‌ی ده‌وڵه‌تانی پاڵپشتیكاری دانووستانه‌كانی ئه‌ستانا (رووسیا و ئێران و توركیا) تێیدا به‌شدارن، بڕیاره باسی به‌ستنی كۆنگره‌ی دیالۆگی نیشتمانی له سۆچی بكه‌ن كه هێشتا كاته‌كه‌ی دیاری نه‌كراوه.
ئامانجی كۆنگره‌ی دیالۆگی نیشتمانی سووریاش بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی گه‌لی سووریایه، تا بۆچوونه‌كانیان له‌یه‌كتری نزیكبكه‌نه‌وه‌و قۆناغی ناكۆكییه‌كان تێپه‌ڕێنن و بگه‌نه چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه كه یه‌كپارچه‌یی خاك و سه‌ربه‌خۆیی سووریا بپارێزێ.
هه‌روه‌ها سعوودیه‌ش له هه‌وڵدایه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ ئۆپۆزییۆنی سووری له ریاز ئه‌نجام بدات و ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش یه‌كخستنی هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی سوورییه و بڕیاره ماوه‌ی دوو رۆژ بخایه‌نێت.