وەزیری ناوخۆی عێراق ھەڕەشە دەكات

سزای ئەوانە دەدرێت كە زیان بە موڵك و ماڵی گشتی دەگەیەنن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەكاتی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك برینداری ھێزە ئەمنییەكان كە بەھۆی پێكداھەڵپژان لەگەڵ خۆپێشاندەران برینداربوون، قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەوانەی بە شێوەیەكی ئاشتیانە خۆپێشاندان دەكەن پێویستە پارێزگاریان لێبكەین، بەڵام ئەوانەی زیان بە موڵك و ماڵی گشتی و دامەزراوە حكومییەكان و كۆمپانیاكانی وەبەرھێنان دەگەیەنن، دەستگیر دەكرێن.

قاسم ئەعرەجی، گوتی: "ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ پەیوەندیمان بە ھیچ كێشەیەكی سیاسییەوە نییە، ئەركی ئێمە دیارە كە جێبەجێكردنی یاسا و پارێزگارییە لە سیستمی گشتی وڵات، ئەوانەی بە شێوەیەكی ئاشتیانە خۆپێشاندان دەكەن ئەركی ئێمە و ھێزە ئەمنییەكانی دیكەشە پارێزگاریان لێبكەین، بەڵام ئەوەی زیان بە داواكارییە رەواكان و نیازپاكی خۆپێشاندەرانی دیكە و عێراق و پێگەی وڵات لە ناوچەكە و جیھان بگەیەنێت و دەستدرێژی بكاتە سەر موڵك و ماڵی گشتی و دامەزراوە حكومییەكان و كۆمپانیاكانی وەبەرھێنان، بێگومان بە ھێزی یاسا دەستگیر دەكرێت".

ھ.م