سعوودیە داوا دەكات ھاوسەنگی لە بازاڕی نەوت ھەبێت

وەزیری دەرەوەی سعوودیە: لە رێککەوتنی ئۆپێك نەكشاوینەتەوە

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵەکانی سعوودیە بڵاویکردەوە، شازادە فەیسەل بن فەرحان ئال سعوود رایگەیاندووە، لێدوانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا لەبارەی کشانەوەی سعوودیە لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس دوورە لە راستییەوە، و گوزارشت لە رەوشەکە ناکات، هاوکات دەرچوونی سعوودیە لەو رێککەوتنە راست نییە، بەڵکو رووسیا لە رێککەوتن کشایەوە.

هاوکات وەزیری دەرەوەی سعوودیە بۆ ئاژانسی هەواڵەکانی سعوودیە رایگەیاندووە، بۆچوونی شانشینی سعوودیە لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی ئاشکرایە و پێیان وایە بەشێکی گرنگە لە سەرچاوەکانی وزە.

لە لایەکی دیکەشەوە، عەبدولعەزیز بن سەلمان وەزیری وزەی سعوودیە لێدوانێکی وەزیری وزەی رووسیا رەتکردەوە، بەوەی سعوودیە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان رەتکردووەتەوە و کشاوەتەوە.

عەبدولعەزیز بن سەلمان جەختی کردەوە، کە سیاسەتی سعوودیە بۆ نەوت روونە داوا دەکات هاوسەنگی و سەقامگیری لە بازاڕ هەبێت و خزمەت بە بەرهەمهێنەران و بەرکاربەران بکات.