رۆژنامه‌يه‌كى ئێران: عه‌فرين بووه‌ته كه‌ربه‌لايه‌كى نوێ
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ى "شه‌رق"ى نزيك له باڵى چاكسازيخوازانى ئێران، كه حه‌سه‌ن رووحانى، سه‌رۆك كۆمارى ئێران، سه‌رۆكايه‌تيان ده‌كات، به هۆى هێرشى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين، هێرشێكى توندى كردووه‌ته سه‌ر سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان و سوپاى توركيا.
ساڵح نيكبه‌خت، نووسه‌رى ناودارى ئێرانى، له وتارێكدا، كه له رۆژنامه‌ى شه‌رق بڵاويكردووه‌ته‌وه، نووسيويه‌تى: "ئه‌ردۆغان واى ده‌بينێت، حكومه‌ته‌كه‌ى درێژكراوه‌ى خيلافه‌تى عوسمانييه. مێژووى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، باكوورى ئه‌فريقا، ئه‌وروپاى خۆرهه‌ڵات و شه‌ڕى نێوان ئێران و عوسمانييه‌كان، ميراتێكى ناشيرينى خيلافه‌تى عوسمانين و ره‌فتارى سوپاكه‌يان له‌گه‌ڵ گه‌لانى ئه‌و وڵاتانه‌ى داگيريانكردووه، جيهانى ترساندووه له دووباره بوونه‌وه‌ى ئه‌و مێژووه".
هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: "توركيا خاوه‌نى دووه‌م گه‌وره‌ترين سوپاى هاوپه‌يمانى ناتۆيه. له رێى به‌كارهێنانى به‌رهه‌ڵستكاره سوورييه‌كانى سه‌ر به قاعيده و ناردنى ده‌ستگيركراوانى داعش و قاعيده له زيندانه‌وه بۆ به‌ره‌كانى شه‌ڕ دژى كورد، هێرشێكى به‌ربڵاوى كردووه‌ته سه‌ر عه‌فرين".
له باره‌ى لێدوانه‌كانى ئه‌ردۆغانه‌وه، كه هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوبردنى عه‌فرينى ده‌كرد، رۆژنامه‌كه باسى له‌وه‌شكردووه، "سوپاى توركيا و ميليشياكانى شكستيانهێناوه له هێنانه‌دى به‌ڵێنه‌كانى ئه‌ردۆغان".
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، "هێرشى توركيا سه‌لماندى ئه‌و شه‌ڕه بۆ جێگيركردنى ره‌وشى سياسى ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌يه‌تى له ده‌سه‌ڵاتدا".
نيكبه‌خت، نووسيويه‌تى: "سوپاى توركيا رايگه‌ياندبوو، شه‌ڕى چوونه ناو عه‌فرين، ته‌نيا سێ كاتژمێر ده‌خايه‌نێت، به‌ڵام ئێستا له عه‌فرين گيريان خواردووه، نه‌ك هه‌ر نه‌گه‌يشتنه باكوور و خۆرئاواى عێراق، به‌ڵكو هێشتا نه‌يانتوانيوه چه‌ند گوندێكى هاوسنوورى توركياش داگير بكه‌ن".
روونيشيكردووه‌ته‌وه، "ميليشياكانى هاوپه‌يمانى سوپاى توركيا له ميانى داگيركردنى چه‌ند گوندێكدا ده‌ستيانكرد، به دزى و تاڵان و راووڕووت و ماڵ و موڵك و ته‌نانه‌ت په‌له‌وه‌ر و كولانه‌ى مريشكى خه‌ڵكه‌كه‌شيان تاڵان كرد و خه‌ڵكى عه‌فرين وه‌ك جه‌رده و دز سه‌يريان ده‌كات".
رۆژنامه‌كه، سه‌رۆكى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغانى به "ديكتاتۆر" وه‌سفكردووه. نووسيويه‌تى: "ئه‌ردۆغان له 10 ساڵى رابردوودا له رێگه‌ى سه‌ركوتكردنى نه‌ياره‌كانى، رێگرتن له ئازادييه ديموكراسييه‌كان جڵه‌وى حوكمى گرتووه‌ته ده‌ست. ئێستا بۆى سه‌خته به خه‌ڵكى توركيا بڵێت، شه‌ڕه‌كه‌ى چه‌ند مانگێك ده‌خايه‌نێت. شكسته سياسى و سه‌ربازييه‌كان پاڵ به ديكتاتۆره‌كانه‌وه نانێت، بيربكه‌نه‌وه و رێبازێكى نوێ بگرنه به‌ر، به‌ڵكو به‌رده‌وام كه‌ڵكه‌ڵه‌ى ئه‌وه‌يانه له رێى هێزى سه‌ربازييه‌وه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن".
نووسه‌ر، له باره‌ى لێدوانه‌كانى ئه‌ردۆغان، كه به‌رده‌وام ده‌ڵێت، ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى توركيا له مه‌ترسيدايه، "هيچ بنه‌مايه‌كى راستى نييه و ئاسايشى توركيا به هۆى كورده‌وه نه‌كه‌وتووه‌ته مه‌ترسييه‌وه".
نووسه‌رى وتاره‌كه، روونيشيكردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ى ئێستا له عه‌فرين رووده‌دات، هاوشێوه‌ى كاره‌ساتى مێژوويى كه‌ربه‌لايه. ئاماژه‌ى به وته‌ى هاووڵاتييه‌كى عه‌له‌وى عه‌فرين كردووه و نووسيويه‌تى: "به شه‌ڕى ئێستا، كه‌ربه‌لايه‌كى ديكه هاتووه‌ته‌ئارا. سوپاى توركيا بۆمبى هێشوويى و ناپاڵم به بيانووى بوونى يه‌په‌گه له‌و ناوچانه ده‌دات، كه خه‌ڵكى مه‌ده‌نيان تێدايه. هه‌فته‌ى رابردووش، به گازى كلۆر بۆمبابارانى خه‌ڵكى مه‌ده‌نى عه‌فرينى كرد".
ئه‌وه‌شى گوتووه: "به‌رپرسانى تورك، وه‌ك سه‌رۆكى پێشووى عێراق، سه‌دام حوسێن، ره‌تيده‌كه‌نه‌وه چه‌كى كيمياييان به‌كارهێنا بێت".
هێرشى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عه‌فرين به به‌شدارى نزيكه‌ى 30 هه‌زار له چه‌كدارانى گرووپ و مليشيا ئيسلامييه‌كانى سه‌ر به "سوپاى ئازادى سووريا" رۆژى شه‌ممه 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" ده‌ستيپێكرد. سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، له سه‌ره‌تاى شه‌ڕه‌كه‌دا، به‌ڵێنى دابوو، له چه‌ند رۆژێكدا سوپاى وڵاته‌كه‌ى ده‌گه‌نه عه‌فرين و هه‌ڕه‌شه‌ى وێرانكردنى عه‌فرينى ده‌كرد، ئه‌گه‌ر يه‌كينه كوردييه‌كان خۆيان راده‌ستى سوپاى توركيا نه‌كه‌ن. به‌ڵام پێچه‌وانه‌ى به‌ڵێن و هه‌ڕه‌شه‌كانى ئه‌ردۆغانه‌وه شه‌ڕه‌كه پێى نايه مانگى دووه‌مييه‌وه و تا ئێستا توركيا نه‌يتوانيوه نه‌خشه‌ى شه‌ڕ له به‌رژه‌وه‌ندى خۆي‌دا بگۆڕێت.
ئ.ر