قودسی عه‌ره‌بی: كۆشكی سپی گڵۆپی سه‌وزی بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌ڵكردووه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی قودسی عه‌ره‌بی بڵاویكردووه‌ته‌وه، هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا، به‌رامبه‌ر به دۆزی كورد، له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی دۆناڵد تره‌مپ، وه‌ك ئه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندراوه ده‌مێنێته‌وه، كه پێداگیری له‌سه‌ر سیاسه‌تی هێشتنه‌وه‌ی عێراق ده‌كات به یه‌كپارچه‌یی.
وه‌ك قودسی عه‌ره‌بی ئاماژه‌ی بۆ كردووه، هه‌ندێك ئاماژه له راوێژكارانی دۆناڵد له كۆشكی سپییه‌وه ده‌بینرێن، به روونی نیشانی ده‌ده‌ن، واشنتن رێگه له ریفراندۆم و سه‌به‌خۆیی كوردستان ناگرێت و بگره له داهاتووش پاڵپشتی ده‌كات و ئه‌نجامه‌كه‌ی قه‌بووڵ ده‌كات، هه‌رچه‌نده له لێدوانه‌كاندا به‌رده‌وام باس له زه‌رووره‌تی گفتوگۆ ده‌كات له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
ئیداره‌ی تره‌مپ له سه‌ره‌تاوه رایگه‌یاندووه "رێز له گه‌لی كوردستان و خه‌باته‌كه‌ی ده‌گرێت له پێناو سه‌ربه‌خۆیی"، هاوكات سوپاسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیش ده‌كات له شه‌ڕی دژی داعش و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ.
سام یۆنۆ، ئه‌ندامی لێژنه‌ی راوێژكاری تره‌مپ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ریكا رێگه له سه‌ربه‌خۆی كوردستان ناگرێت و باشتره رێككه‌وتنێك له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق هه‌بێت.
به گوێره‌ی ئه‌و رۆژنامه عه‌ره‌بییه، كه له‌سه‌ر زاری یۆنۆ گواستوویه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت له داهاتوودا رۆڵێكی تایبه‌ت به كورد بدات له ناوچه‌كه.
ئیداره‌ی تره‌مپ، به‌رده‌وام باس له‌وه ده‌كات، گفتوگۆ له باره‌ی رۆڵی داهاتووی كوردستان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، هۆكاری ئاشكرانه‌كردنیشی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تووڕه‌نه‌كردنی هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كه، به تایبه‌تیش عێراق و توركیا.
به گوێره‌ی زۆرێك له شیكه‌ره‌وه سیاسییه‌كان، واشنتن گڵۆپی سه‌وزی بۆ پرۆسه‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵكردووه و به‌شێكیشیان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، له ساته‌كانی كۆتایییدا ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستی یه‌كجاره‌كی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێسته دژی سه‌ربه‌خۆیی نابێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆیه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌تایبه‌تیش بۆ هه‌ندێك پرسی وه‌ك كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه.
رۆژنامه‌كه باسی له‌وه‌ش كردووه، هه‌ندێك له ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن، پێده‌چێت رێككه‌وتنێك له نێوان كوردستان و واشنتن هه‌بێت، بۆ رێزگرتن له ئه‌نجامی ریفراندۆم و دانپێدانان به خه‌باتی كورد، له به‌رامبه‌ر دواخستنی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، له دوای ریفراندۆم.
قودسی عه‌ره‌بی له راپۆرته‌كه‌یدا، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، هه‌نگاوه كرده‌نییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له هه‌مبه‌ر ریفراندۆم، شه‌رمنانه‌یه، ئه‌وه‌ش وایكردووه له رووی كرده‌نییه‌وه جموجۆڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ لێدوان و راگه‌یه‌ندراوه‌كان یه‌ك نه‌گرێته‌وه.
مانگی رابردوو، ریكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه كرد و تێیدا خۆشحاڵی خۆی بۆ سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا ده‌ربڕی، ئه‌مه له كاتێكدایه، كه به‌غدا هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاندووه و دژی ئه‌و پرۆسه‌یه وه‌ستاوه‌ته‌وه.
لای خۆیشیه‌وه، هیزه‌ر نۆوه‌رت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانه له ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له كوردستان، چونكه ده‌بێته خۆی ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه له ناوچه‌كه و گوتی: "نیگه‌رانی خۆمان له به‌رامبه‌ر ریفراندۆمه‌كه راگه‌یاندووه، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌مانه‌وێ بینینی عێراقێكی سه‌قامگیری و یه‌كپارچه‌یه".
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، ئه‌و گوتانه‌یئ ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێ نه‌كراون و هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌نییان بۆ نه‌نراوه، ته‌نانه‌ت هیچ لێدوانێكی راسته‌وخۆش سه‌باره‌ت به‌و پرسه رانه‌گه‌یه‌نراوه، هاوكات له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به بارزانی نه‌گوتووه ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له عێراق بمێنێته‌وه، هه‌رچه‌نده داوای دواخستنی ریفراندۆمی كردووه، به‌ڵام باسی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه كه نابێت ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ن.
سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی ئه‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌ش، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی بارزانی، رایگه‌یاند، سه‌رۆك بارزانی و تیله‌رسن، باسیان له هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش كردووه و هه‌ماهه‌نگی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقیشیان به كارێكی بێ پێشینه وه‌سفكردووه، هه‌روه‌ها باس له داهاتووی ناوچه‌كه كراوه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هیچ راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت وه‌ڵامی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی بارزانیشی نه‌داوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه و ئه‌و گوتانه‌ی ره‌تنه‌كردووه‌ته‌وه.
ته‌نها هێنده نه‌بێت كه باسی كردووه، شه‌ڕی سه‌ره‌كی ناوچه‌كه دژی رێكخراوی داعشه و دواجار گه‌لی عێراق بڕیار ده‌دات.
وه‌ك قودسی عه‌ره‌بی بڵاویكردووه‌ته‌وه، شیكه‌ره‌وه سیاسییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، پێده‌چێت ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دوو رای پێچه‌وانه‌یان هه‌بێت، به جۆرێك كۆشكی سپی هاوسۆزه له‌گه‌ڵ پرسه‌كه و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ش به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه گوشاره‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه.
شاره‌زایان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كۆتاییدا، ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه راده‌گه‌یه‌نێت و له به‌رژه‌وه‌ندی كورد بڕیار ده‌دات، پێشتریش مۆسكۆ پاڵپشتی خۆی بۆ ریفراندۆم ده‌ربڕیوه و رایگه‌یاندووه، ره‌چاوی قوربانیدانه‌كانی كورد ده‌كه‌ن له پێناو سه‌ربه‌خۆیی.
بۆیه واشنتن نایه‌وێت، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ره‌وته بێت، كه لۆبی ئیسرائیل هه‌وڵی بۆ ده‌دات و پاڵپشتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌كات.
به‌و پێیه‌ی پێشتر بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، به شاندێكی 33 كه‌سی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له پارتی كۆمارییه‌كان راگه‌یاندبوو، پێویسته پاڵپشتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بكه‌ن و گوتبووی: "كورد گه‌لێكی قاره‌مانن و هاوسۆزی وڵاتانی رۆژئاوان و به‌های هاوبه‌شییان هه‌یه".
جه‌یمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، داوای له بارزانی كرد، ریفراندۆم دوابخات، چونكه ئه‌مه‌ریكا له ئێستادا ده‌یه‌وێت سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش چڕ بكرێنه‌وه و ئه‌و رێكخراوه تێكبشكێنرێت و واز له‌و بابه‌تانه بهێنرێت، كه سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه گرنگه په‌رت ده‌كات.
له وه‌ڵامیشدا مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند، هیچ پاشه‌كشه‌یه‌ك له ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ناكه‌ن و پرۆسه‌كه‌ش له كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت، له ته‌واوی گفتوگۆكانیش له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، بارزانی هه‌مان وه‌ڵامی هه‌بووه، وه‌كو ریكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه و جه‌نه‌رال جۆزیف ڤۆتێل، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
كورد لای خۆیه‌وه هه‌وڵده‌دات، دڵنیایی سه‌ربازی بداته ئه‌مه‌ریكا، كه راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و تێكشكاندنی داعش نابێت و ده‌یانه‌وێت وای نیشان بده‌ن، سه‌ربه‌خۆیی وا ده‌كات، كورد سوورتر بێت له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه و شه‌ڕكردن له دژی ئه‌و رێكخراوه.