پەرلەمانتارێكی یەكێتی: كەس وەك عەبادی ناڕاستگۆ نییە

"بەڵێن دەدات و جێبەجێی ناكات"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

پەرلەمانتارێكی یەكێتی ھێرش دەكاتەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق و بە ناڕاستگۆترین سەركردەی عێراق لە قەڵەمی دەدات و رایدەگەیەنێت "كەس وەك عەبادی ناڕاستگۆ نییە".

بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، رایگەیاند: "بە درێژایی مێژوویی عێراق كەسێك نییە وەك حەیدەر عەبادی، ناڕاستگۆبێت لەگەڵ بەڵێنەكانی خۆیدا، نەك ھەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان، دەبوایە تا ئێستا ھەموو كێشەكانی دیكەشی، لەگەڵ ھەرێمی كوردستان چارەسەر كردبایە".

گوتیشی: "ھەموو رۆژانی سێشەمە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی خۆی بەڵێن لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران دەدات و لیژنەی وردبینی دەنێرێت، بەڵام زۆر ناڕاستگۆ بووە لەگەڵ بەڵێنەكانی".

ئەو گوتانەی بەختیار شاوەیس، لە نێو خۆپێشاندانی مامۆستایان بوو لە سلێمانی كە دژی دواكەوتنی مووچە، كە ئەمڕۆ جارێكی دیكە خۆپێشاندانیان دەست پێكردەوە.