دوو پێشمەرگە و ھاووڵاتیەك برینداربوون

بەرپرسێكی حزبی ناوچەكە زانیاری دەخاتەڕوو

-K24 گەرمیان

پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "بەھۆی تەقینەوەی دوو بۆمب لە سنووری گوڵاڵە دوو پێشمەرگە و ھاووڵاتیەك برینداربوون".

محەمەد عومەر، بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە قەرەتەپە بە كوردستان24 گوت: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ بۆمبێكی چێندراو لە ناوچەی تبج- حەمرین، لە سنووری شارەدێی گوڵاڵە تەقییەوە، لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگە برینداربوون".

گوتیشی: "ھەر ئەمڕۆ لە گوندی نارین كە گوندێكی كوردنشینی ناوچەكەیە، بۆمبێكی چێندراو تەقییەوە، بەوھۆیەوە ھاووڵاتیەك برینداربوو".

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەم بۆمبانە لەلایەن چەكدارانی داعش دانراونەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە شەوی رابردوو داعش لەھەمان ناوچە دوو تاوەری كارەبای لە رێگەی بۆمبی چێندراو تەقاندەوە و ناحییەی قەرەتەپە و گوندەكانی ئەو سنوورەی بێ كارەبا كرد.

پەیامنێرمان لە سنوورەكە لە زاری بەرپرسانی ئەمنی رایگەیاند: "لە ماوەی یەك ھەفتەدا داعش 7 بۆمبی لە سنوورەكە تەقاندووەتەوە".