تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گەڕەکی کارێزان باسی پرسەکە و چۆنیەتی تووشبوونیان دەکەن

باسی رەوشی خۆیان لە نەخۆشخانە دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

18 تووشبووی گەڕەکی کارێزانی هەولێر، کە بەهۆی پرسەیەک، ڤایرۆسەکە تیایاندا بڵاوبووەوە، باسی پرسەکە و چۆنیەتی تووشبوون و رەوشیان لە نەخۆشخانە بۆ کوردستان24 دەکەن.

یەکێک لە تووشبووان بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکەم کەس کە نیشانەی ڤایرۆسەکەی لێ بەدیار کەوت ئامۆزایەکمان بوو، پلەی گەرمی بەرزبوو و دۆخی باش نەبوو، دوای پشکنین دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.

راشیگەیاند، ئەو ئامۆزایەم، بەشداریی لە پرسەی دایکم کردووە، بەڵا زۆربەی ئامادەبووانی پرسەکە، خزمن و کەسوکاری خۆمانن کە لە هەمان گەڕەک دەژین. تەنها بۆ سەرەخۆشی چووین و کۆبووینەتەوە.

راشیگەیاند، نزیکەی 30 کەس لە دوای بەخاکسپاردنی تەرمەکە، هاتوونەتە ئەو ماڵەی پرسەکەی لێبووە.

ئێستا ئەو 18 هاووڵاتییە لە نەخۆشخانەن و دەڵێن، رەوشمان باش نییە و پێداویستییەکانمان بۆ دابین نەکراوە.

دەشڵێت، لە دوێنێ نیوەڕۆوە بە منداڵی بچووکەوە لە نەخۆشخانەن، بەڵام بەدەم داواکانیان ناچن و داوا دەکەن پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت.

یەکێکی دیکە لە تووشبووان رایگەیاند، هەموومان بەشداریی پرسەکەمان نەکردووە، بەڵکو بەهۆی بەرکەوتنی ئەوانی دیکەوە تووشبووین.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا لە نەخۆشخانەی رزگارین و داوا دەکەن، خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، بەهۆی دانانی ئەو پرسەیە لە گەڕەکی کارێزان، 32 کەس لە هەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.