عێراق باج دەخاتە سەر مووچەی فەرمانبەران

سەرجەم فەرمانبەران دەگرێتەوە

K24 - ھەولێر

راوێژکارێكی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند، لەم مانگەوە بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت، کە وەک  باجە لە سەر مووچەی گشتی نەک تەنیا بنەڕەتی.

مەزهەر محەمەد، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی "یاسای باجی تاک لەسەر مووچەی بنەڕەتی هەبووە، بەڵام ئەمجارە لەسەر کۆی گشتی مووچەکانیان جێبەجێ دەکرێت تەنانەت لەسەر بنەڕەتی و شایستەکانیش".

روونیشی کردەوە، کە باجی تاک جێگیرە و نزیکەی لە 10% بۆ لە 15%ـی سەرجەم فەرمانبەران دەکات.

مەزهەر محەمەد ئاماژەی بەوەشدا "پێشنیازی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام لە بڕی ئەوە بە شێوەی باجی تاک مامەڵە لەگەڵ مووچەکان دەکرێت و ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە مووچەکانیان لە 500 هەزار دینار کەمترە، هەروەها دەشڵێت ئەو بابەتە تاوتوێ کراوە، هیچ بڕیارێکی فەرمی لە بارەوە دەرنەکراوە، هەموو هەوڵەکانی حكوومەت بۆ ئەوەیە مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حوزەیران دابین بکات.