كچێكی كورد چەقەڵێك بە برینداری دەگەیەنێتە نەخۆشخانە

دوای وەڵامی پزیشكەكان بە دڵێكی ساردەوە چەقەڵەكە لە باوەش دەكات و نەخۆشخانە جێدەھڵێت
kurdistan24.net

K24 - رانیە

لە دەڤەری راپەڕین شوفێرێك بە ئۆتۆمبێل خۆی دەكێشێ بە چەقەڵێك و بە برینداری جێی دەھێڵێ، دواتر كچێك چەقەڵەكە دەبینێت و بە برینداری دەیگەیەنێتە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی رانیە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین، ئەو چەقەڵە لەسەر رێگەی گشتی رانیە- دەربەند، ئۆتۆمبێل لێیداوەو قاچی شكاوە. كچێك لەو شوێنە دیمەنەكە بینیووە و بێترس لەو ئاژەڵە دڕندەیە، لە باوەشی كردووە و بردویەتییە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی رانیە.

ئەو کچە ویستوویەتی قاچی چەقەڵەكە بە گەچ ببەستێتەوە و چاكی بكاتەوە و بەخێوی بكات، بەڵام دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە پێیدەڵێن چەقەڵەکە لەناوەوە تووشی خوێن بەربوون ھاتووە و ناتوانن یارمەتی بدەن بۆ چاكبوونەوەی، کچەکە بە دڵێکی ساردەوە چەقەڵەکە لە باوەش دەکات و نەخۆشخانەکە جێدەھێڵێت.