سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە عێراق راگەیەندرا

85 کەس خنکاون و 55ی دیکەش رزگار کراون

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق خنکانی 85 كه‌س و سێ رۆژ ماته‌مینی گشتی لە عێراق راگەیاند.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوای رووداوەکە گەیشتە مووسڵ و لەوێ رایگەیاند: "85 كەس لە كارەساتی نقومبوونی بەلەمەكەدا گیانیان لە دەست داوە و 55 دیکەش رزگار کراون".

عادل عەبدولمەھدی راشیگەیاند: "بڕیارمان دا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە پێكبھێنرێت، لە ماوەی 24 كاتژمێریشدا ئەنجامەكەی رابگەیەنرێت و بەرپرسیارانی رووداوەكەش سزا بدرێن".

هەر بە هۆی رووداوەکەی مووسڵ، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی لەسەرتاسەری عێراق راگەیاند.

دوا نیوه‌ڕۆی دوێنێ پێنجشەممە 21/03/2019، له‌ ناوچەیەكی گەشتیاریی لە باشووری موسڵ، بەلەمێك كەوتە رووباری دیجلەوە و بەو ھۆیەوە دەیان کەس بوونە قوربانی.

H.J