سه‌رۆك بارزانی و هێزه‌ سووننییه‌كان تاووتوێی پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن

"پێویستە گەرەنتی و میكانیزمی روون بۆ پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان دابنرێت"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، پێشوازی له‌ شاندێكی هاوپه‌یمانی میحوەری وەتەنی عێراق كرد، كه‌ كوتله‌ سووننییه‌كان دوای هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار، پێكیانهێناوه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، رۆژی یەكشەممە 19ـی 8ـی 2018 لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندی باڵای هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی عێراق بە سەرۆكایەتی شێخ خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی كرد.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، لە دیدارێكدا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و هەڵەكانی رابردوو ئاڵوگۆڕ كرا.

وه‌ك له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، لە كۆبوونەوەكه‌دا هەردوولا هاوڕا بوون كە پێویستە گەرەنتی و میكانیزمی روون بۆ پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان دابنرێت بە جۆرێك كە رێگە لە تاكڕۆیی لە بەڕێوەبردنی وڵات و پەراوێزخستنی پێكهاتەكان بگیرێت.

كۆبوونەوەكە جەختیشی لە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامی هەردوولا كردەوە بۆ بەشداریی كارا لە پڕۆسەی سیاسی و جێبەجێكردن و رەچاوكردنی ئەو بنەمایانەی كە لە خزمەت شەراكەتی هەموو پێكهاتەكان بێت لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا.

شاندى هاوپه‌یمانی میحوەری وەتەنی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی خه‌میس خه‌نجه‌ر، پێكهاتبوو له‌ جه‌مال كه‌ربوولی، ئوسامه‌ نوجێفی، سه‌لیم جبووری و ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا.

ا. م