سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دەچێتە لای ئەو خێزانە کوردەی "پۆلیس منداڵەکەیانی کوشت"

وەزیری ناوخۆی بەلجیکا باسی رووداوەکە دەکات

K24- برۆکسل

منداڵێكی كورد كە تەمەنی دوو ساڵ بوو، لە چەند رۆژی رابردوو لە بەلجیكا گیانی لە دەستدا، دایك و باوكی منداڵەكەش دەڵێن، منداڵەكەیان بە گولـلەی پۆلیسی بەلجیكا كوژراوە.

بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە برۆکسل رایگەیاند: "مەودا شەمدین، ئەو منداڵە کوردە تەمەن دوو ساڵ بوو، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لە بەلجیکا گیانی لەدەستداو ئێستا بووەتە بابەتی گەرمی میدیاکانی بەلجیکا. سەرلەبەیانی ئەمڕۆش چارل میشێل، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا لەگەڵ دایک و باوکی منداڵە کوژراوەکە کۆبووەوە بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری رووداوەکە بێت".

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەدا: "چیرۆکی گیان لەدەستدانی مەودا لەوکاتەوە دەستپێدەکات، کاتێک دایک و باوکی ئەو منداڵە کە خەڵکی قەزای رانیەی باشووری کوردستانن و لەرێگای کامیۆنێکەوە کە 30 پەنابەری تێدابووە بەشێوەی نایاسایی ویستویانە لە بەلجیکاوە بپەڕنەوە بۆ وڵاتی بەریتانیا، ئەو رووداوە بووەتە بابەتی گەرمی نێو میدیای بەلجیكا".

دایک و باوکی منداڵەکە لەوبارەوە بۆ کوردستان24 دوان و دەڵێن "منداڵەکەمان بە فیشەکی پۆلیسی بەلجیکا گیانی لەدەستداوە" بەڵام بەپێچەوانەوە ژان ژامبۆن، وەزیری ناوخۆی بەلجیکا ئاماژە بەوە دەکات "پۆلیس بێتاوانە، چونکە بەھۆی نەوەستانی کامیۆنەکەوە پۆلیس تەقەی کردووە و دواتر کامیۆنەکە تووشی رووداوی ھاتوچۆبووەو منداڵەکە لەناو کامیۆنەکە گیانی لەدەستداوە".

ھاوکات چارل میشێل، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا بەدایک و باوکی منداڵەکەی رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لەرووداوه‌كه‌ دەستیپێکردووە و چاوەرێی بڕیاری کۆتایی دادگان بۆ ئه‌وه‌ی ئەو کەیسە یەکلایی بکاتەوە.

ھ.م

كۆبوونەوەی سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا لەگەڵ دایك و باوكی مەودا
كۆبوونەوەی سەرۆكوەزیرانی بەلجیكا لەگەڵ دایك و باوكی مەودا
مەودا شەمدین، ئەو منداڵە كوردەی لە وڵاتی بەلجیكا گیانی لە دەستدا
مەودا شەمدین، ئەو منداڵە كوردەی لە وڵاتی بەلجیكا گیانی لە دەستدا
مەودا شەمدین ئەو منداڵە كوردەی لە وڵاتی بەلجیكا گیانی لە دەستدا
مەودا شەمدین ئەو منداڵە كوردەی لە وڵاتی بەلجیكا گیانی لە دەستدا