یەكێتی لەبارەی ھێرشی سەربازی بۆسەر گۆڕان روونكردنەوە دەدات

"خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین"

K24 - ھەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە، نیازی ھێرشی سەربازیان بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان ھەبێت، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسی و یاساییەكان، هانا بۆ هێز نابات.

لە روونكردنەوەیەكدا مەكتەبی سسیاسی یەكێتی ئاشكرای دەكات "بزووتنەوەی گۆڕان نامەی فەرمی بۆ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵخانەكانی هەرێمی كوردستان ناردووە و رایگەیاندووە، كە یەكێتی بە نیازە ھێرشی سەربازیان بكاتە سەر، ئەو پڕوپاگەندانە رەتدەكەینەوە، لە هەمان كاتدا، لە حكوومەت و لەناو یەكێتی، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ئاسایشی كوردستان و سەروەری یاسا".

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ھاتووە: "هەرگیز یەكێتی، بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسی و یاساییەكان، هانا بۆ هێز نابات. هەردەم یەكێتی لەناو شۆڕش و لەدوای راپەڕینەوە، بەرگری لە خۆی كردووە. بەرگریش مافی پیرۆزە، ئەو كێشەیەی لەسەر تەتەڵەی دەنگەكانیش بە ئامێری ئەلیكتڕۆنی كەوتۆتە ئاراوە، یەكێتی هەڵوێستی رۆشنە".

یەكێتی راشیگەیاندووە: "وەكو هەمیشە، بەرپرسیارانە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەنگی زۆرترو چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەنگی كەمتریان لە یەكێتی هێناوە مامەڵە دەكات. مادام، لە سەراپای عێراقدا، گازاندەی تەزویر هەیە، یان لە سەراپای عێڕاقدا، دادگای دەستووری بڕیاری تەتەڵەكردنەوەی دەنگەكان بدات، یان ناكرێ، سلێمانی یان كەركووك بكرێتە قوربانی دابەزینی رێژەی دەنگی چەند لایەنێكی سیاسی".

لەبارەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن لە كەركووك مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوا دەكات: "ئەنجامی هەڵبژاردن هەروەكو جارەكانی تری عێراق، قبوڵ بكرێ. سكاڵای لایەنەكانیش با كۆمسیۆنی باڵا، بەپێی یاساو رێسای پەسندكراو، مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، دانیشتوان و پێكهاتەكانی كەركووك، سەرەڕای دۆخی نەخوازراوی ئاسایش لە شارەكەدا، ئەركی دیموكراسی خۆیان جێبەجێكردووە. هەقوایە، رێز لە هیمەت و دڵسۆزی دانیشتوانی كەركووك بە كوردو عەرەب و توركمان و مەسیحییەكان بگیرێ، نەك بۆ ئامانجی حزبایەتی ، رەنج و ماندووبوونی خەڵك، فەرامۆش بكرێ".

ھ.م