"پشیلەیەکی" بانگخوازە تورکەکە چەندین نهێنی ئاشکرا دەکات

"کچەکانی تا رادەی گریان سزاداوە"

K24 – هه‌ولێر:

یەکێک لەو ژنانەی لەگەڵ عەدنان ئۆکتار، بانگخوازە ئیسلامییەکەی تورکیا, دەستگیرکرا، چەندین نهێنی و زانیاری سەرسوڕهێنەر لەسەر ئۆکتار و "پشیلەکانی" ئاشکرادەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی حوریەتی تورکی، ئەو بانگخوازە کە بە هارون یەحیا ناسراوە، لەگەڵ 234 کەس کە سەر بە رێبازەکەی بوون بە تۆمەتی چەندین تاوانی وەک دروستکردنی رێکخراوی تاوانکاری، بەکارهێنانی منداڵ بۆ کاری سێکسی، رەچاونەکردنی یاساکانی باج و تیرۆر دەستگیرکراون.

ئەو بانگخوازە لە کەناڵی (ئەی 9)ی تورکی بەرنامەیەکی تایبەتی هەبوو، لە بەرنامەکەی لەگەڵ باسکردنی بەهاکانی ئیسلام، چەند کچ و ژنێکی کە بە "پشیلە" ناوی دەبردن دەهێنا و سەمای پێدەکردن.

دوێنێ سێشەممە، ئایشە پارس، یەکێک لە "پشیلەکانی" ئۆکتار کە 30 ساڵ "خزمەتی" لەگەڵ ئۆکتان هەیە، چەند راستییەکی بۆ پۆلیس ئاشکرا کردووە.

ئایشە دەڵێت، ئۆکتار لە ژێر پەردەی ئایندا  تاوانی ئەنجامداوە، "ئێمە 30 پشیلە بووین، یەکێکمانی هەڵدەبژارد و لێی دەداین، تەنها بە زلە و شەقنا، بەڵکو کچەکانی رادەکێشا و قژیشی دەبڕین".

ئەو خانمە بە پۆلیسی گوتووە: "ئاین تەنها رووکەشبوو. ئەو دەیویست تەواوی ژنەکان لەو ڕابمێنن بەجۆرێک کە ئاشقی بووبن. ئەگەر نەیانتوانیایە ئەو کارە بکەن، پەخشی راستەوخۆکەی رادەگرت و سزای ژنەکانی دەدا".

ئایشە پارس لەدرێژەی قسەکانی دەشڵێت: "تا رادەی ئازاری زۆر و گریان، سزای کچەکانی دەدا، دواتر لە تەلەڤزیۆن دەیگووت کچەکان بۆیە دەگرین چونکە ئەویان زۆر خۆشدەوێت".

ئۆکتار نووسەرە و چەندین پەرتووکی لەسەر ئاینی ئیسلام نووسیوە، خاوەنی دوو رێکخراوی ئاینیش بووە. بەهۆی بەرنامەکەی لە کەناڵی ئەی 9، لە 11ی تەمووزی ئەمساڵ، بە تۆمەتی ئەنجامدانی چەندین تاوانی جیاواز دەستگیرکرا.

ئایشە پارس
ئایشە پارس

H.J