له سه‌لاحه‌دین چوار چه‌كداری حه‌شد كوژران
K24 – هه‌ولێر:
له نزیك بێجی چوار چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی كوژران و له سنووری حه‌مرینیش ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی حه‌شد بۆ كێوماڵكردنی ناوچه‌كه ده‌ستیپێكرد.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه لیوای چواری حه‌شدی شه‌عبی له كه‌رتی ده‌ریاچه‌ی حه‌مرینی سنووری پارێزگای دیاله هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازییان ده‌ستپێكرد.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی لیوای چواری حه‌شد، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته گونده‌كانی "خه‌رایبی یه‌كه‌م، خه‌رایبی دووه‌م و عه‌لی مالح" ده‌گرێته‌وه، كه ده‌كه‌ونه سنووری ده‌ریاچه‌ی حه‌مرین.
هه‌روه‌ها هاتووه: ئامانجی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه كێوماڵكردنی ناوچه‌كه و له‌ناوبردنی چه‌كداره په‌ڕاگه‌نده‌بووه‌كانی داعشه له ناوچه‌كه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ لیوای 51ی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، له ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێندراو له كاروانێكی حه‌شدی شه‌عبیدا له خۆرئاوای قه‌زای بێجی سنووری پارێزگای سه‌لاحه‌دین چوار چه‌كداری حه‌شد كوژران.
راگه‌یاندنی حه‌شد له به‌یاننامه‌یه‌كدا، روونیكردووه‌ته‌وه، رووداوی ته‌قینه‌وه‌كه له ناوچه‌ی سكرییه‌ی خۆرئاوای بێجی روویداوه و سه‌ره‌ڕای كوژرانی چوار چه‌كداری حه‌شد، فه‌رمانده‌ی فه‌وجێكی لیواكه به ناوی شه‌علان عوه‌ید، كه به‌رپرسی هێزه‌كه بووه بریندار بووه و به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی برینه‌كانی گواستراوه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه.