لە سنە 6 كەس لەسەر ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان دەستگیركران

چارەنووسی 4 كەسیان نادیارە

K24 - ھەولێر

لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان، 6 ھاووڵاتی كورد بەھۆی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان دەستگیر كران.

هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە، 6 هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنەیان دەستگیرکرد کە چارەنووسی 4 کەسیان نادیارە. ئەو 6 هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێك لە حیزبە دژبەرەکانی ئێران و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەستگیرکراون.

بەگوێرەی ناوەندی مافی مرۆڤی ھەنگاو، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ھەڵیانكوتایە سەر گوندی مێراوی سەر بە شاری سنە و 6 ھاووڵاتی كوردی دانیشتووی ئەو گوندەیان دەستگیر كرد و بۆ شوێنێكی نادیار گوازرانەوە، دوو لە دەستگیركراوەكان ئازاد کراون، بەڵام چارەنووسی چوار کەسی دیکە هێشتا نادیارە.