"داعش به‌خێرایی ده‌گه‌ڕێته‌وه عێراق"
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی، هه‌ر چه‌نده حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر چه‌كدارانی رێكخراوی داعش راگه‌یاند و گووتی: "هه‌موو خاكی عێراق له ده‌ست داعش ده‌رهێنراوه"، به‌ڵام داعش به خێراییه‌كی زۆر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ده‌ستیكردووه‌ته‌وه به كرده‌ی تیرۆریستی و ته‌قینه‌وه‌و رفاندن، ئه‌وه‌ش ترسێكی زۆری له‌باره‌ی سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خولێكی نوێی توندوتیژی و یاخیبوون درووستكردووه.
رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه روونیكردووه‌ته‌وه كه ئه‌و هێرشانه‌ی له بازنه‌یه‌كی بچو‌وكدا له ناوچه چۆڵ و دووره ده‌سته‌كان ئه‌نجام ده‌دران، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه پشتگوێ ده‌خران، به‌ڵام ئێستا ده‌ركه‌وتووه ئه‌وه به‌شێكه له ته‌كتیكێك كه رێكخراوی داعش په‌یڕه‌وی ده‌كات، وه‌ك چۆن پێش ئه‌وه‌ی ساڵی 2014 به‌هێزێكی گه‌وره‌وه ده‌ركه‌وێته‌وه په‌یڕه‌وی ده‌كرد و پاشان توانی ژماره‌یه‌كی زۆری شاره‌كانی عێراق و سووریا داگیر بكات.
عه‌بادی مانگی دیسه‌مبه‌ری ساڵی رابردوو "سه‌ركه‌وتنی" به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یاند، له دیداری نێوان دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ڤلادیمێر پوتینی سه‌رۆكی رووسیا كه پێش چه‌ند رۆژێك له هێلسینكی پایته‌ختی فینله‌ندا به‌رێوه‌چوو تره‌مپ گووتی: "شه‌ڕی دژی داعش 98% تا 99% سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه".
ئه‌و شه‌پۆله توندوتیژییه‌یشی ناوچه‌كانی پارێزگای دیاله و كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌ددینی گرته‌وه، وای له عیراقییه‌كان كردووه بپرسن: "ئایا به‌راستی عێراق به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتووه؟" چونكه له ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا داعش ده‌یان كه‌سی رفاندووه كه ژماره‌یه‌كیان به‌رپرسی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و سه‌رۆك هۆز و گه‌وره‌ی هۆزه‌كانی گونده‌كانن و له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش و ئه‌و كه‌سانه‌ی سۆزیان بۆ داعش هه‌یه كوژراوون.
جگه له‌وه‌یش ژێرخانی وڵات وه‌ك هێڵی گواستنه‌وه‌ی كاره‌با، كێڵگه‌ی نه‌وتی رووبه‌ڕووی تێكدان و ته‌قاندنه‌وه بوونه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت چه‌كدارانی داعش له‌و كرده‌وانه‌یاندا جلوبه‌رگی سه‌ربازی هێزه‌كانی عێراق له‌به‌ر ده‌كه‌ن و بۆسه داده‌نێن و گه‌شتیاران ده‌ڕفینن و بارهه‌ڵگره‌كانیش ده‌گرن.
ئه‌و ڤیدیۆیه‌شی له‌م دواییانه‌دا داعش بڵاویكرده‌وه‌و كوشتنی ژماره‌یه‌ك له عیراقییه رفێنراوه‌كانی تێدا ده‌بینرا، شۆكێكی گه‌وره بوو بۆ ئه‌و عێراقیانه‌ی هه‌وڵیان ده‌دا شوێنه‌واره ره‌شه‌كه‌ی چه‌ند ساڵی رابردووی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه تێپه‌رێنن.
عیماد مه‌حموود ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دیاله به رۆژنامه ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی گوتووه: "خه‌ڵكی وایانده‌زانی سه‌قامگیریی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت و ده‌توانن بۆ هه‌ر شوێنێك بیانه‌وێت گه‌شت بكه‌ن، به‌ڵام كه ئه‌و ڤیدیۆیه بڵاوكرایه‌وه ترسیكی زۆری بڵاوكرده‌وه‌و وه‌ك زه‌نگی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بوو بۆیان".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "داعش له بیابانه چۆڵه‌كانی نێوان چیاكاندان، هێشتا شانه‌ی بچووكیان هه‌یه، ئه‌وان زۆر نیین، به‌ڵام هێرشی له‌ناكاو و خێرا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، خه‌ڵكیشیان له‌ناو شاره‌كان هه‌یه هاوكارییان ده‌كات".
لای خۆیه‌وه هیشام هاشمی، شاره‌زا له كاروباری گرووپه توندڕه‌وه‌كان كه راوێژ بۆ دامه‌زراوه‌كانی عێراق ده‌كات ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ری هه‌یه پاش شكسته گه‌وره‌كه‌یان، داعش هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه بدات، به‌ڵام زۆر له‌وه خیراتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه كه پێشبینی ده‌كرێت، ئه‌وان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ش زۆر مه‌ترسیداره".