رۆحانی سەردانی ئەمەریکا دەکات

23ی مانگی ئەیلول دەگاتە شاری نیویۆرک

K24 – هه‌ولێر:

حەسەن رۆحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە 23ی مانگی ئەیلول دەگاتە ئەمریکا.

بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی نووسینگەکەی: "سەرۆک رۆحانی 23ی مانگی ئەیلوول، بۆ بەشداریکردن لە 73هەمین کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان تاران جێدەهێڵێت".

کۆڕەکە لە 18 تا 30 مانگ لە شاری نیویۆرک بەردەوامی دەبێت و ماریا فێرناندا ئیسپینۆسا گراسێس، سەرۆکی کۆڕەکە، لەبارەی بابەت و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی کۆڕەکە لە تەمموزی رابردوو رایگەیاندبوو: "بابەتەکان لەبارەی سەرکردایەتی جیهانی و هاوبەشیکردنی بەرپرسیارەتییە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و یەکسانی بۆ کۆمەڵگاکان".

گەشتی رۆحانی بۆ ئەمەریکا لە کاتێکدایە، پەیوەندی نێوان واشنتن و تاران رۆژ دوای رۆژ روو لە خراپی دەکات و بڕیاریشە لە دوو مانگی داهاتوودا، ئەمەریکا مامەڵەی نەوت و گازی ئێران قەدەغەبکات.

سەرچاوە: ئازەر نیوز