چاڵاکییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

شەممەی داهاتوو فیدراسیۆنەکە لەگەڵ نوێنەری یانە نایابەکان و پلە یەکەکان کۆدەبێتەوە

K24- هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاری دا سەرەتای مانگی داهاتوو چاڵاکییەکانی دەستپێبکاتەوە و هەفتەی داهاتووش لەگەڵ نوێنەری یانە نایاب و پلە یەکاکان کۆبێتەوە.

ئەمڕۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دوای نزیکەی دوو مانگ کۆبووەوە و بڕیاری دا سەرەتای مانگی داهاتوو خولی فووتساڵی خانمان و لاوان و تازەپێگەیشتووان دەستپێبکەنەوە و یارییەکانی هەر سێ خولەکە بەڕێوە بچن، کە بەهۆی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان سەرجەم چاڵاکییەکانی هەڵپەساردبوو.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان راشیگەیاند لەبارەی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی نایاب و پلە یەکەی کوردستان هیچ کێشەیەکی نییە و ئامادەیە هەردوو خولەکە بەڕێوە ببات، هەر بۆیە فیدراسیۆنەکە بڕیاری دا رۆژی شەممەی داهاتوو لەگەڵ نوێنەری یانە نایاب و پلە یەکەکان کۆببێتەوە و بابەتی دەستپێکی وەرزی نوێی خولەکان گەنگەشە بکەن.