لە ھەجین ئۆتۆمبێلێك لە نزیك پەیامنێری كوردستان24 تەقییەوە

شەڕێكی سەخت لە ئارادایە
kurdistan24.net

K24 - ھەجین

لەكاتی رووماڵكردنی دۆخی ئەمنی شارۆچكەی ھەجینی سەر بە دێرەزوور لەلایەن پەیامنێری كوردستان24ەوە، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك پەیامنێری كوردستان24 تەقییەوە، بەڵام زیانی گیانی بەدواوەنەبوو، ھەر لە ھەمانكاتدا، ھێزەكانی سووریای دیموكرات، پێنج ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی دیكەی داعشییان تەقاندەوە.

ئەكرەم ساڵح، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەجین رایگەیاند: "لەكاتی رووماڵی ئۆپەراسیۆنی ھێزەكانی سووریای دیموكرات لە ھەجین، گەیشتینە نزیك نەخۆشخانەی شارۆچكەكە لەو كاتە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقییەوە، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام زیانی مادی زۆری لێكەوتەوە".

گوتیشی: "دوای رووداوەكە شەڕە تەقە لەناوچەكە لەنێوان شەڕڤانانی ھەسەدە و چەكدارانی داعش بەردەوام بوو، لەلایەن شەڕڤانان بە ئۆتۆمبێلێكی گولـلە نەبڕ گواستراینەوە ناوچەیەكی ئارام لە دەرەوەی شارۆچكەی ھەجین".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "لە ھەمانكاتدا پێنج ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لەلایەن شەڕڤانانی ھەسەدە تەقێندرانەوە، چەكدارانی داعش دەیانەوێت لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو بەر بە ھێرشەكانی شەڕڤانان بگرن".