سه‌رۆك بارزانى سه‌ردانى هێزه‌كانى دژه‌ تيرۆرى كوردستان ده‌كات

سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە ئەرك و ماندووبوون و شەونخونیی ھێزەکانی دژەتیرۆر کرد

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعوود بارزانی، سەردانی هێزەكانی دژە تیرۆری كوردستان دەكات و ڕای دەگەیەنێت هێزەكانی دژەتیرۆر شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا رۆڵێكی كاریگەرانەیان گێڕاوە و شەهید و قوربانیان پێشكەش بە كورد و كوردستان كردووە.

ڕۆژی چوارشەممە 13ی 12ی 2017 سەرۆك مەسعود بارزانی بە مەبەستی دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی ھێزەکانی دژەتیرۆر، سەردانی دژەتیرۆری کوردستانی کرد.

لەو بەسەرکردنەوەیەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە ئەرك و ماندووبوون و شەونخونیی ھێزەکانی دژەتیرۆر کرد لە پارێزگاریکردن لە کوردستان و ھەروەھا پێزانینیشی ھەبوو بۆ ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە ھێزەکانی دژەتیرۆر شانبەشانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا سەربەرزانە گێڕاویانە و شەھید و قوربانیان پێشکەش بە کورد و کوردستان کردووە.

لەو دیدارەدا فەرماندە و ئەفسەرانی ھێزی دژەتیرۆری کوردستان ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ بەرگریکردن و پاراستنی کوردستان ڕاگەیاند و بەڵێنی وەفادارییان بۆ خوێنی شەھیدان و خەبات لە ڕێگەی ئازادی و سەرفیرازیی گەلی کوردستان بۆ سەرۆك بارزانی دووپات کردەوە.

ھەر لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەکدا باسی بارودۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی کرد و دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی شی کردەوە.