له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كێبڕكێیه‌كی توند هه‌یه
یوونس مه‌حموود یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌ربژێر ده‌كات، به‌مه‌ش له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته كێبڕكێی هه‌ریه‌ك له عه‌بدوڵڵا مه‌جید سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌حمه‌د رازی، حوسێن سه‌عید و ناجیح حه‌موودی ده‌كات.
یوونس مه‌حموود له چاوپێكه‌تنێكی رۆژنامه‌وانی ئاشكرایكرد ئاره‌زوو ده‌كات خۆی بۆ ئه‌م پۆسته به‌ربژێر بكات و رایگه‌یاند ئه‌م كاره‌ی پێویستی به گفتوگۆكردن هه‌یه له‌گه‌ڵ عه‌دنان درجالی وه‌زیری وه‌رزشی عێراق و پێیوایه درجال كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ی گرنگی هه‌یه بۆ گه‌شه‌پێدانی وه‌رزش له وڵاته‌كه له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان.
یونس مه‌حموود بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق كێبڕكێی چه‌ندان كه‌سایه‌تی دیكه‌ی وه‌رزشی ده‌كات، دیارترینیان عه‌بدوڵڵا مه‌جید سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێره.
عه‌بدوڵڵا مه‌جید كه پێشتر له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 جه‌ختی له‌وه كردبووه‌وه كه خۆی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به‌ربژێر ده‌كات، به‌ڵام هێشتا دیارنییه بۆ سه‌رۆك یان جێگری سه‌رۆك ده‌بێت.
دوای ئه‌وه‌ی فیفا به فه‌رمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ده‌سته‌یه‌كی كاتی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خوله‌كه دامه‌زراند و 6 مانگ ده‌رفه‌تی داوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ربه‌خۆ و پاك دوور له ده‌ستێوه‌ردان بكه‌ن.