ترەمپ لەبارەی داعشەوە داوایەك لە وڵاتانی ئەوڕوپا دەكات

"ئەمەریكا ناتوانێت ببێتە پاسەوانی چەكدارە دەستگیركراوەكانی داعش"

K24 - ھەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا داوا لە وڵاتانی ئەوڕوپا دەكات، چەكدارە داعشە دەستگیركراوەكانیان ببەنەوە و لە وڵاتەكانیان دادگاییان بكەن.

ترەمپ، لە زنجیرە تویتێكدا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایه‌تیی تویتەر ئاماژەی بەوە كردووە، داعش بەرەو لەناوچوون دەچێت، ھەر بۆیە داوا لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ھاوپەیمانەكانی دیكە دەكات، زیاتر لە 800 چەكداری دەستگیركراوی داعشیان لە سووریا ببەنەوە و لە وڵاتەكانیان دادگاییان بكەن.

دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند "ئەمەریكا ناتوانێت ببێتە پاسەوانی چەكدارە دەستگیركراوەكانی داعش".

سەرۆكی ئەمەریكا جەختیشی كردووەتەوە، دوای سەركەوتنی 100% بەسەر داعش و تێكشكاندنی یەكجارەكی رێكخراوەكە، لە سووریا دەكشێنەوە.