"چه‌كدارانی داعش لە نزیك كەركووك بە ئازادی دەسوڕێنەوە"

فەرماندەیەكی پێشمەرگە: ھێزە عێراقییەكان ناتەوانن ئەو ناوچانە بپارێزن
kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

ئەگەرچی پێشتر حەیدەر عەبادی، کۆتایی ھاتنی داعشی لە عێراق راگەیاندبوو، بەڵام جمووجۆڵی چەکدارانی داعش لە دەروبەری کەرکووك و دیالە و سه‌ڵاحەدین بە شێوەیەکی بەرچاو دەستیپێکردووەتەوە. فەرماندەکانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، بەھۆی لاوازی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، ئەو ناوچانەی لە 16 ئۆکتۆبەرەوە، پێشمەرگە چۆڵی کردوون بەشەو دەکەونە ژێر دەسەڵاتی داعش و به‌ ئارەزووی خۆیان ھاتووچۆی تێدادەکەن.

مەردان ساڵح، بەرپرسی میحوەری قەرەتەپە حەمرین بە كوردستان24 راگەیاند: "جوڵەی داعش لەناوچەكە بە ئاشكرا ھەیە و بە ئۆتۆمبێل ھاتووچۆ دەكەن، لە تەلحەمە و ئەبونەجم، چەكدارانی داعش چەندین چالاكیان ئەنجامداوە. لە كەركووكەوە تا كوباشی تا سنووری مەندەلی تەراتێنی تێدا دەكەن، بێ ئەوەی سوپای عێراق بتوانێ مەترسیان بخاتەسەر، تەنھا لەرێگەی فڕۆكەوە بۆردوومانی ناوچەكان دەكەن".

ھەر سەبارەت بەو پرسە، عەتا ستار، فەرماندەی فەوجی 136 ھێزی پێشمەرگە دەڵێت: "سوپای عێراق ناتوانێت شوێنەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵ بكات، ئەو شوێنانەی پێشتر بە دەست پێشمەرگەوە بوو، ئێستا داعش بە ئارەزووی خۆیان تێیدا دەسوڕێنەوە، چەندین ھاووڵاتیان لەو سنوورانە رفاندووە و ھێزە ئەمنییەكانی عێراق ناتوانن بیانپارێزن، ئەمەش وایكردووە ئێستا جارێكی دیكە خەڵكی ئەو ناوچانە گوندەكانیان جێ بھێڵن".