پوتین له باره‌ی عه‌فرینه‌وه نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌سه‌د ده‌نێرێت
K24 - هه‌ولێر:
دوو رۆژ پێش ئێستا به‌رپرسێكی باڵای سه‌ربازی رووسیا، به نامه‌یه‌كی ڤلادیمێر پوتینه‌وه چووه‌ته دیمه‌شق و نامه‌كه‌ی گه‌یاندووه‌ته ئه‌سه‌د، به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "شه‌رقولئه‌وسه‌ت"ی له‌نده‌نیش، له نامه‌كه‌دا پوتین داوای كردووه، ئه‌سه‌د هێزه‌كانی خۆی له عه‌فرین بكشێنێته‌وه.
به گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت، له‌و نامه‌یه‌دا، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا، داوای له به‌شار ئه‌سه‌د كردووه، هێزه‌كانی خۆی پاشه‌كشه پێبكات له عه‌فرین به‌رامبه‌ر به توركیا و پرسی عه‌فرینیش بۆ گفتوگۆی نێوان رووسیا – توركیا – ئێران جێبهێڵێت.
ئه‌و به‌رپرسه سه‌ربازییه، به‌ناوی ڤالێری گراسیمۆڤه و به گشتی ئه‌ركی گه‌یاندنی نامه‌كانی پوتینه بۆ به‌رپرسانی باڵای سووریا، چ له دیمه‌شق پایته‌خت، یان له بنكه‌ی سه‌ربازی حومه‌یمیم، كه له‌وێ سه‌ركرده‌ی هێزه جیاوازه‌كان ده‌بێنێت كه له سووریادا هه‌ن.
به گوێره‌ی راپۆرتی ئه‌و رۆژنامه‌یه، به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كه نامه‌كه‌ی پوتینی گه‌یاندووه‌ته ئه‌سه‌د و له نامه‌كه‌شدا داوا كراوه، هێزه‌كانی سوپای سووریا، له 10 خاڵی نزیك ئه‌عزاز و ته‌ل ره‌فعه‌ت و نوبل و زه‌هرا جێگیر بكات، له‌گه‌ڵ 7 خالی دیكه كه پێشتر دامه‌زرابوون، به هاوكاری میلیشیاكانی نزیك ئێران، به شێوه‌یه‌ك نزیك عه‌فرین نه‌كه‌وێته‌وه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، له به‌رامبه‌ریشدا سوپای توركیا 12-13 خاڵی چاودێری له گونده‌كانی نزیك ئیدلب و حه‌ما و حه‌له‌ب جێگیرده‌كات و ئۆپه‌راسیۆنی "چڵه زه‌یتوون"یش به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ لكاندنی ناوچه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی "قه‌ڵغانی فوڕات" له نیوان حه‌له‌ب، جه‌رابلوس و ناوچه‌كانی ئیدلب.
لای خۆیه‌وه سیپان حه‌مۆ، فه‌رمانده‌ی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه)، ئه‌و رێككه‌وتنه به ده‌ستبه‌ردان له عه‌فرین و باكووری سووریا وه‌سف ده‌كات له‌لایه‌ن ئه‌سه‌ده‌وه بۆ توركیا.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، ئه‌و په‌یامه دووپاتكردنه‌وه‌ی دوایین نامه‌یه كه دراوه‌ته سیپان حه‌مۆ، به‌وه‌ی كه مۆسكۆ رێگه‌نادات سوپای ئه‌سه‌د به‌رگری له عه‌فرین بكات و دژی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی توركیا بوه‌ستێت، هه‌رچه‌نده به‌رپرسانی دیمه‌شق "چڵه زه‌یتوون"یان به داگیركاری توركیا وه‌سفكردبوو.
وه‌ك رۆژنامه‌كه باسی ده‌كات، هه‌رچه‌نده پێشتر دیمه‌شق هه‌وڵیداوه به كردار بێت یان به شێوه‌یه‌كی ره‌مزی، بگه‌ڕێته‌وه عه‌فرین، به‌ڵام مۆسكۆ ئه‌وه‌ی قه‌بووڵ نه‌بووه و ره‌تیكردووه‌ته‌وه و به‌رپرسه رووسیه‌كه پێی راگه‌یاندوون، "لێتێگه‌یشتنه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره زۆر له عه‌فرین گه‌وره‌تره".
دوای ئه‌و په‌یامه، ئه‌سه‌د له جیاتی سوپای فه‌رمی، "هێزه میللیه‌كان"ی ره‌وانه‌ی عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری كرد، ئه‌ویش به بۆردومانی توركیا وه‌ڵامی درایه‌وه و ده‌یانیان لێكوژران، به‌رپرسه رووسییه‌كه‌ش، به هه‌ریه‌ك له سیپان حه‌مۆ و به‌رپرسانی دیمه‌شقی راگه‌یاندووه، مۆسكۆ پاڵپشتی هیچ رێككه‌وتنێكیان ناكات و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنیش ده‌بێته "مه‌ترسییه‌كه گه‌وره".
وه‌ك شه‌رقولئه‌وسه‌ت بڵاویكردووه‌ته‌وه، رووداوه‌كانی دوای ده‌ستپێكردنی "چڵه زه‌یتوون"، رێك ئه‌و قسانه‌ی به‌رپرسه سه‌ربازییه رووسییه‌كه‌یه كه به سیپان حه‌مۆی گوتووه و رایگه‌یاندووه، مۆسكۆ دژی توركیا ناوه‌سێته‌وه و رێگه به‌وه‌ش ده‌دات فڕۆكه له‌و ئۆپه‌راسیۆنه بۆ پاراستنی سنووره‌كانی به‌كاربهێنێت.
ئه‌و نامه‌یه‌ی ئێستای به‌رپرسه سه‌ربازییه رووسییه‌كه هێناویه‌تی، وه‌ك شه‌رقولئه‌وسه‌ت بڵاویكردووه‌ته‌وه، بۆ رێگه‌خۆشكرده بۆ چوونه ناو عه‌فرین، له چوارچێوه‌ی ناوچه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی به گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان رووسیا – توركیا – ئێران.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه، سوپای توركیا و میلیشیاكانی نزیك له ئه‌نقه‌ره، له ماوه‌ی 3 رابردوودا، زیاتر چوونه‌ته پێش و به گوێره‌ی میدیاكانی توركیاش، له سێ لاوه عه‌فرینیان گه‌مارۆ داوه.
به گوێره‌ی لێكتێگه‌ێشتنه‌كان له‌گه‌ڵ رووسیا، توركیا ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی كه له قه‌ڵغانی فورات كۆنتڕۆڵی كردوون، به عه‌فرینه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، كه رووبه‌ره‌كه‌ی 2100 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه ده‌بێت.
راپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات، توركیا ده‌یه‌وێت زۆرترین ناوچه بخاته ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی و ببێته سێیه‌م هێزی به‌ربڵاو له سووریا، دوای ئه‌مه‌ریكا، كه 185 هه‌زار كیلۆمه‌تری له ژێر كۆنتڕۆڵدایه و رژێمی سووریا و رووسیا و ئیرانیش نیوه‌ی وڵاته‌كه‌یان له ژێر كۆنتڕۆڵدایه.
تا ئێستاش ئه‌نقه‌ره پێداگره له‌سه‌ر فراوانكردنی پرۆسه سه‌ربازییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر مونبج، به‌و ئومێده‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بگاته رێككه‌وتن، هه‌رچه‌نده بێمتمانه‌ییه‌ك له نێوانییاندا هه‌یه، واشنتنیش پێشتر به یه‌په‌گه‌ی راگه‌یاندبوو، هیچ هه‌ڵوێستێكی له‌سه‌ر عه‌فرین نابێت، به‌ڵام به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه له رۆژهه‌ڵاتی فورات به‌رگریان لێبكات.
ا. م