کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان داوا لە بەرهەم ساڵح دەکات رۆژنامەنووسەکەی سلێمانی ئازاد بکات

بەهۆی رەخنەگرتن لە بەرهەم ساڵح دەستبەسەرکراوە

K24 - هەولێر

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) داوا دەکات، ئەو رۆژنامەنووسەی بەهۆی رەخنەگرتن لە بەرهەم ساڵح لە سلێمانی دەستبەسەرکراوە، بەبێ هیچ مەرجێک ئازاد بکرێت.

ئێگناسیۆ میگێل دێلگادۆ، نوێنەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، رۆژی چوارشەممە (23-9-2020) رایگەیاند "بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێویستە بەزووترین کات سکاڵاکەی سەبارەت بە ناوزڕاندن لە دژی رۆژنامەنووس بەهرۆز جەعفەر بکشێنێتەوە و، رێگە بدات دەسەڵاتدارانی خۆجێیی بەبێ مەرج ئازادی بکەن".

بەهرۆز جەعفەر لە 29-8-2020 وتارێکی بە ناونیشانی "تا کەی سەرۆک کۆمار رۆنگ ساید لێ ئەخوڕێت!؟" بڵاوکردەوە و، تێیدا رەخنە لە بەرهەم ساڵح دەگرێت بەوەی شکستیهێناوە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان، نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکو لەوەتەی بووەتە سەرۆک کۆمار، لە دژیشی وەستاوەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووساندا هاتووە: "دەسەڵاتداران دەبێت یەکسەر رۆژنامەنووس بەهرۆز جەعفەر ئازاد بکەن، هەموو سکاڵاکان لەدژی بکشێننەوە و رێگە بدەن میدیا ئازادانە رووماڵ بکات و رەخنە بگرێت، بەبێ ئەوەی ترسیان لە هەنگاوی یاسایی هەبێت".

بەهرۆز جەعفەر، رۆژنامەنووس بووە لە وێبسایتی پەیسەر پرێس لە سلێمانی و 22-9-2020 پۆلیس لەسەر سکاڵای بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بەتۆمەتی ناوزڕاندن دەستگیری کرد.

بەپێی سەنتەری مێترۆ، ئەگەر تۆمەتەکان بەسەر ئەو رۆژنامەنووسە ساغ ببەنەوە، رووبەڕووی زیندانیکردن دەبێتەوە کە رەنگە بگاتە یەک ساڵ، هەروەها سزای داراییش دەدرێت.

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ)، دامەزراوەیەکی ئەمەریکیی ناحکومیی قازانجنەویستە، بنکەی سەرەکیی لە نیویۆرکە و نوێنەرانی لە هەموو جیهاندا هەن، داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان دەکات.