رۆحانی بە پرۆژە بودجەیەک بەرگری دژی ئەمەریکا دەکات

سەرەڕای سزاکان ئێمە دەتوانین وڵات بەڕێوەبەرین

K24 – هه‌ولێر:

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، پڕۆژە بودجەی وڵاتەکەی بە بەهای 39 ملیار دۆلار پێشکەش بە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد کە بە گووتەی خۆی پڕۆژە بەجۆرێک دانراوە، بەرگەی سزاکانی ئەمەریکا دەگرێت.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، رۆحانی لە پەرلەمان گوتویەتی: "ئەم بودجەیە  بەرگەی سزاکان دەگرێت چونکە کەمترین پشت بەستنی بە نەوت تێدایە".

راشیگەیاندووە: "ئەم بودجەیە بە دونیا دەڵێت، ئێمە سەرەڕای سزاکان دەتوانین وڵات بەڕێوە ببەین".

بەگوێرەی ئەو داتایانەی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بڵاویکردووەتەوە، دەبێت نرخی نەوت سێ هێند زیاد بکات، ئینجا تاران دەتوانێت ئابووریەکەی رابگرێت.

بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا، ئێستا تاران رۆژانە 500 هەزار بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لە کاتێکدا، پێشووتر، رۆژانە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد.