كوردستانیان دەستبەرداری سەربەخۆیی نابن

ساڵێك بەسەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی تێدەپەڕێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سبەی ساڵێك بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان تێدەپەڕێت، پسپۆرانی دەستوور و یاسایی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنن، كە  ریفراندۆم وەك بەڵگەیەکی گرنگ لە مێژووی کورددا دەمێنێتەوە و هەر کاتێك کوردستان لە عێراق جیابووەوە، دەتواندرێت کاری پێبکرێت، بەپێ یاسا نێودەوڵەتیەکانیش ریفراندۆم هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە. ئەو پسپۆرانە دەڵین، ئەنجامی ریفراندۆم هەڵنەوەشاوەتەوە تەنها سڕکراوە.

بەبۆچوونی پسپۆرانی یاسایی و دەستووری هەر کاتێك ھەرێمی کوردستان بڕیاری جیابوونەوەی  بدات ئەوا دەتوانێت بەپێ ئەنجامەکانی ریفراندۆم بۆ جیا بوونەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات.

لەوبارەوە ئاراس عەبدوڵڵا، پسپۆری یاسای نێودەڵەتی بە كوردستان24 گوت: "گەلی كوردستان جارێكی دیكە پێویستی بە ریفراندۆم نابێت، بۆ رادەربڕین لەسەر مافی چارەی خۆنووسین، ئەو ریفراندۆمەی كە لە 25ی ئەیلوولی 2017 ئەنجامدرا، لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی وەك بەڵگە و كارتێكی بەھێز دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ھەركاتێك ھەرێمی كوردستان بیەوێت لە دەوڵەتی عێراق بمێنێتەوە".

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم  سوپای عێراق و حەشدی شەعبی  بە هاوکاری ژمارەیەك سەرکردەی یەکێتی لە مێژوو بە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ناسراوە، كە کەرکووك و بەشێك لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داگیرکران، ناچار ئەنجامی ریفراندۆم سڕکرا پسپۆرێکی یاسای نێودەوڵەتیش دەڵێت، ریفراندۆم سڕکراوە و هەڵنەوەشێندراوەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەشی پێوستی بە ریفراندۆمێکی دیکە هەیە.

کارۆخ خۆشناو، پسپۆری یاسایی دەڵێت: "ئەو ریفراندۆمە وەك دیكۆمێنتێكی مێژوویی و یاسایی گرنگ دەمێنێتەوە، ئەگەر كورد نەیتوانی مافە دەستوورییەكانی بە دەست بێنێ، دەكرێ ئیش بە ئەنجامەكانی ریفراندۆمە بكرێت، ھەر لەبەر ئەوەش بوو عەبادی و سەرانی بەغدا داوای ئەوەیان دەكرد كورد دەبێ بە یەكجاری ئەنجامەكانی ریفراندۆم ھەڵوەشێنێتەوە، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمێك كە زیاتر لە 92%ی خەڵكی كوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی داوە پێویستی بە ریفراندۆمێكی دیكەیە".