قادر عەزیز دەبێتە بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتی

كۆسرەت رەسوڵ واژووی كردووە

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی نووسراوێك كە واژووی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بەسەرەوەیە، بڕیاردراوە قادر عەزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بكرێت بە لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی.

وەك لە نووسراوەكەدا ھاتووە: "بڕیارماندا بە دانانی ھەڤاڵ قادر عەزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی، بە لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بڕیارەكە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت".

دەقی بڕیارەكە
دەقی بڕیارەكە

پۆستی لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی، دوای دەست لەكاركێشانەوەی ئازاد جندیانی، لەو پۆستە، چەند ساڵێكە بە بەتاڵی ماوەتەوە، پێشتر ناوی چەند سەركردەیەكی یەكێتی بڵاوكراوەتەوە كە ئەم پۆستە وەربگرن، بەڵام ھەندێكیان ئەو پۆستەیان پێنەدراوە و ھەندێكی دیكەش بەھۆی دۆخی ناو حزبەكە ئامادەنەبوون ئەو پۆستە وەربگرن.

قادر عەزیز، دوای جیابوونەوەی لە حزبی زەحمەتكێشان، سكرتێری حزبی ئایندەی كوردستان بوو، لە ساڵی 2016، ھەڵوەشاندنەوەی حزبەكەی راگەیاند و پەیوەندیان بە ریزەكانی یەكێتییەوە كرد و قادر عەزیز، پلەی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێدرا.

ھ.م