شەڕە قسە لە نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران روویدا

"کەمتر لە 7 حەفتە ماوە بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران بگەڕێندرێتەوە"

K24 – هه‌ولێر:

ئەمەریکا و ئێران لە دیداری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە ڤییەنا چەند لێدوانێکی دژ بە یەکیاندا، ئەمەش لە کاتێکدایە، وادەی گەڕانەوەی بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران کەمتر لە 7 حەفتەی ماوە.

عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێک لە دیدارەکە رایگەیاند: "کشانەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کاریگەری گەورە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێت".

سەرۆکی وزەی ئەتۆمی ئێران، رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپاش گرت بەوەی هەنگاوی پێویستیان نەناوە تاکو رێککەوتننامەکە بپارێزن.

لای خۆشیەوە، ریک پێری، وەزیری وزەی حکوومەتی ئەمەریکا، وەڵامی لێدوانەکانی ساڵحی دایەوە و رایگەیاند: "رێککەوتننامەی ئەتۆمی نەیتوانی رێگا بە خراپەکارییەکانی ئێران بگرێت".

وەزیری وزەی حکوومەتی ئەمەریکا، ئێرانی بە دەستێوردان و  ناسەقامگیرکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت وڵاتانی سووریا و یەمەن تۆمەتبارکرد.

بڕیارە سەرەتای مانگی یانزدە، ئەمەریکا بەشی دووەمی سزاکان کە سێکتەری نەوت و وزە دەگرێتەوە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، بەمەش ئابووری ئێرانییەکان هێندەی تر خراپ و داڕوخاو دەبێت.

H.J