كۆبوونه‌وه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان ده‌ستیپێكرد

لایەنەكان لە رێككەوتن نزیك دەبنەوە

K24 - ھەولێر

كۆبوونه‌وه‌ی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستیپێكرد.

ئه‌ندامانی هه‌ر سێ شانده‌كه‌ له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ شاری هه‌ولێر و بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن.

شاندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێكهاتوون له‌(مه‌لا به‌ختیار، ئه‌رسه‌لان باییز، رزگار عه‌لی، سه‌عدی پیره‌، عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا، شۆڕش ئیسماعیل، بێگه‌رد تاڵه‌بانی).

شاندی پارتی پێكهاتووه‌ له‌ (فازڵ میرانی، د. رۆژ نووری شاوه‌یس، ئازاد به‌رواری، دڵشاد شه‌هاب).

شاندی دانووستانكاری بززتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پێكهاتوون له‌ (جه‌لال جه‌وهه‌ر، شۆڕش حاجی، ره‌ئووف عوسمان، ئاراس وه‌لی، هیمداد هیرانی).

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، بڕیارە له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا، پارتی و یەکێتی بەیەکەوە لەگەڵ گۆڕان، لەبارەی پرسەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ریفراندۆم و گەیشتن بە رێککەوتنێك لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، كۆببنەوە.

عەبدولرەحمان موھەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "پێویستە رێككەوتن و كۆدەنگی لەنێوان لایەنەكان ھەبێت لەسەر ھەموو پرسەكان، بۆ ئەوەی بە ھەموو لایەك بتوانین نێو ماڵی خۆمان رێكخەینەوە، ئەگەر ئەوە نەكەین ناتوانین ھیچ ھەنگاوێك بنێین".

پێشتر شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند بوو، بەر لە کاراکردنەوەی پەرلەمان، دەبێ رێککەوتنێکی سیاسیی لە نێوان لایەنەکانی بکرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە پارتی و یەكێتی، لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە رۆژی 14 ئەیلوول پەرلەمان كارابكرێتەوە و لای خۆشیەوە یەكێتی پاكێجێكی حەوت خاڵی داوەتە لایەنەكان بۆ ئەوەی لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەری كێشەكان گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.

دوێنێ عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی یەكێتی بۆچوونی حزبەكەی لەبارەی پاكێجەكەی یەكێتی خستەڕوو كە لایەنەكان دەیانەوێت لەسەری رێك بكەن و رایگەیاند: "ئەم حەوت خاڵە بەباش دەزانین بۆ رێككەوتن لەسەریان، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان، پێویستە ئەم خاڵانە بكرێن بە رێككەوتنێكی سیاسی و بۆ جێبەجێكردنیان میكانیزمی گونجاوی بۆ دیاربكرێت".