هه‌رێم كادیری پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات راده‌ستی ئێران ناكاته‌وه‌

"بەشێکی زۆری ئەوانە لەلایەن UNHCR وەکو پەنابەر ناسراون"

K24 - هه‌ولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەندام و کادیرانی هەردوو حزبی دیموکرات رادەستی حکومەتی ئێران ناکەینەوە.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رەتیکردەوە "هەرێمی کوردستان کادیر و ئەندامانی هەردوو حزبی دیموکرات رادەستی حکومەتی ئێران بکاتەوە".

هه‌روه‌ها گووتی: "ئەندام و کادیرانی هەردوو حزبی دیموکرات لە سەرەتای هەشتاکانەوە و لە سەردەمی رژێمی عێراق لە هەرێمی کوردستان و لە هەموو عێراق بوون، چونکە بەشێکی زۆری ئەوانە لەلایەن UNHCR  وەکو پەنابەر ناسراون".

رۆژی 8/9/2018 كۆماری ئیسلامی ئێران باره‌گای سه‌ره‌كی حزبی دیموكراتی كوردستانی له‌ قه‌ڵای "دیموكرات" و فێرگه‌ی سیاسی و نیزامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی له‌ شاری كۆیه‌ مووشه‌كباران كرد و به‌و هۆیه‌وه‌ 15 كه‌س "شه‌هید" بوون و زیاتر له‌ 40 كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون.

له‌ پاش ئه‌و رووداوه‌ محه‌مه‌د حسێن باقری، سوپاسالاری ئێران داوای له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرد، یان ئه‌ندامانی پارته‌ كوردییه‌كانی ئێران راده‌ست بكه‌نه‌وه‌ یان رێگه‌یان نه‌ده‌ن له‌ناو خاكی ئه‌واندا بمێننه‌وه‌".