كۆرۆنا زۆربەی كرێكارانی بێكار كردووە

كرێكارێك: پێش كۆرۆنا رۆژی واھەبوو 60 ھەزارم دەست دەكەوت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر كاروكاسبی كرێكارانی ناو بازاڕیش داناوە و ته‌نانه‌ت بژێوی ژیانی رۆژانەشیان دەست ناكەوێ، بەھۆی سستی بازاڕ و كەمی كڕین و فرۆشتن زۆربەی حەمباڵەكان بێكاربوونە، سەرۆكی دەستەی ئامار لە ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ بانكی جیھان و رێكخراوی كاری جیھانی، كار لەسەر لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كوردستان دەكەن.

سۆران ئەحمەد، یەكێكە لەو كەسانەی پێشتر بژێوی ژیانی لەسەر كرێكاری (حەمباڵی) بووە، بەڵام وەك باسی لێوەكات ئێستا كار نییە و دەڵێ: "لەوكاتەی ئەو ڤایرۆسە بڵاوبووەتەوە بازاڕ سست بووە. پێش كۆرۆنا جاری وا ھەبووە رۆژانە بایی 60 ھەزار دینار ئیشم كردووە".

ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستی بۆ ژیان و كەسابەتی ئەو كرێكارانەش بردووە، كە داھاتی رۆژانەیان تەنیا بەشی خواردنی رۆژانەیان دەكات، لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان بە سەدان كرێكار چاوەڕێی باركردنی بەرێك دەكەن، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی رۆژانەیان بۆ دەربچێت، بەتاڵی سەر عەرەبانەكان و خەریكبوون بە مۆبایل گوزارشتە لە كەمی كار، كۆرۆنا كاریگەری تەواوی لەسەر بازاڕ داناوەو دوكاندارانیش گلەیی لە بێ بازاڕییەكەیان دەكەن.

دەستەی ئامار بەھەمانگی لەگەڵ بانكی جیھانی و رێكخراوی كاری جیھانی، رووپێوییەك بۆ دۆخی دارایی خێزانان دەكات و دەیەوێ لەرێگەی ئەم ھەنگاوە زیانەكانی كۆرۆنا ئاشكرا بكرێن.

سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئامار لە ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند، بەم ھەنگاوە دەتواندرێت بەرچاوڕوونییەك بدرێتە حكومەت بۆ ئەوەی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان لەبەردەست بێت و كاریان لەسەر بكات، بڕیاریشە لە مانگی تەمووزدا دەست بەكارەكانیان بكەن.