پۆمپێیۆ: ئەمەریکا سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێتەوە

ترەمپ بەردەوام دەڵێت لە رێککەوتنەکە کشاونەتەوە

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی چوارشەممە جەختی کردەوە لەوەی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای زیاتری نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت لە هەفتەی داهاتووەوە.

مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەو شتە دەکات، کە هەمیشە دەیکات، بەشی خۆی لە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی، ئەمجارەیان ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

گوتیشی"ئەوانە دەکەین، بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو سزایانە (بەسەر ئێراندا) دەسەپێندرێن".

مانگی رابردوو، پۆمپێیۆ چووە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ راگەیاندنی "گەڕاندنەوەی ئابڵۆقە (بۆ سەر ئێران) بەپێی رێککەوتنی ئەنجوومەنی ئاسایشی ساڵی 2015، دوای ئەوەی شکستی هێنابوو لە درێژکردنەوەی قەدەغەی فرۆشتنی چەکی بە ئێران".

بەپێی رێککەوتنەکە، هەموو وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە سەردەمی حوکمی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا واژۆکرا، دەتوانن سزا بسەپێنن، سزاکەش لەدوای یەک مانگ جێبەجێ دەکرێت.

هەرچەندە چەندین جار دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە؛ ئەمەریکا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک کشاوەتەوە، بەڵام پۆمپێیۆ سوورە لەسەر ئەوەی ئەمەریکا هێشتا "بەشێکە" لەو رێککەوتنەی لە 2015 واژۆکرا.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاشکرا رایگەیاندووە، ناتوانێت بەردەوامبێت لە درێژکردنەوەی دووبارەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەکاتێکدا 13 وڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش لە 15 ئەندامەکە، دژی هەنگاوەکەی ئەمەریکان.

مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، وێنە: AFP
مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ دۆمینیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، وێنە: AFP

هـ.ر.