تورکیا شەرڤانێکی بەریتانی بە حەوت ساڵ زیندانی سزادا

دایکی بۆ کوردستان24 دەدوێت و داوایەکی هەیە

K24 – هه‌ولێر:

سەربازێکی پێشووی سوپای بەریتانیا بەهۆی شەڕکردنی دژی رێکخراوی داعش لە ریزی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ ماوەی 7 ساڵ زیندانی کرا.

لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ کوردستان24، شارۆن رۆبنسن، دایکی جۆزێف رۆبنسن(سەربازەکە) ئاشکرایکرد، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هەواڵی زیندانیکردنی کوڕەکەیان لەلایەن تورکیاوە لە رێگای تەلەفۆن پێڕاگەیاندووە.

شارۆن رۆبنسن دەشڵێت: "من وادەزانم حکوومەت (حکوومەتی بەریتانیا) دەتوانێت داوا بکات سزای زیندانییەکەی لێرە (بەریتانیا) بەسەرببات. ئەوە زۆر بۆ من دڵخۆشکەردەبێت، بەتایبەت ئەوەی کە ئەو بە گوێرەی یاساکانی بەریتانیا هیچ تاوانێکی ئەنجامنەداوە".

هەر سەبارەت بەو شەڕڤانە بەریتانییە، رۆژنامەی دەیلی سەباح لە هەواڵێکیدا نوسیوویەتی: "دادگایەک لە خۆرئاوای تورکیا، سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر جۆزێف ئەندریو رۆبنسن بەهۆی ئەندامبوونی لە گروپێکی رێکخراوی "تیرۆرستی" پەکەکە سەپاندووە".

جۆزێف ئەندریو رۆبنسن لە ساڵی 2015 پەیوەندیکردووە بە یەپەگەوە و لە ساڵی 2017 لەگەڵ کچە هاوڕێکەی، میرا یەشار، لە تورکیا دەستگیرکرا، بەڵام کچە هاوڕێکەی دواتر ئازادکرا.

گراهام جۆنس، پەرلەمانتاری بەریتانیا، لەبارەی هەوڵەکانی ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە بەریتانییە رایگەیاندووە: "ئەوان هەموو شتێک دەکەن تاکو رۆبنسن بگەڕێننەوە بەریتانیا".

H.J