کۆنفرانسی 56ـی ئاسایشی میونشن سەرکردەکانی جیهان کۆدەکاتەوە

مەسرور بارزانی بەشدار دەبێت

K24 – هه‌ولێر:

سبەی هەینی لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا 56هەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.

لە کۆنفرانسی ئەمساڵ، زیاد لە 500 بڕیاربەدەستی باڵای جیهان بەشداردەبن و باس لە قەیرانەکانی ئێستا و تەگەرەکانی بەردەم ئاسایشی جیهان لە داهاتوو دەکرێت. هەروەها باس لە چەمکی "رۆژئاوا" و "رۆژئاوابوون" دەکرێن، ئەو مەترسیانە دەخرێنە بەر باس کە لەسەر ئەوروپا و رۆژئاوا هەیە.

هەروەها، چەندین دیدار و سیمینار لە نێوان ئامادەبووان لەبارەی لیبیا، جەنگی دژ بە داعش، ئاسایشی ئینتەرنێت، وزە و تەندروستی ئەنجام دەدرێت.

لە کۆنفراسەکە هەریەک لە ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جەستن ترەودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، بۆ یەکەمجار بەشدار دەبن. هەروەها، هەر یەک لە مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، هێیکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، مارک روتە، سەرۆک وەزیرانی نێزەرلاندس و چەندین سەرۆک و وەزیرانی دیکە بەشداریی تێدا دەکەن.